وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل هەڕەشەی کشانەوە لە حکوومەت دەکات
وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر ناتانیاهۆ ڕێچکەی دەمارگیریی بگرێت و تەواوی وڵات بەرەو هەڵدێر بەرێت، ئەوا ناچار دەبن لە حکوومەت بکشێنەوە.
بێنی گانتز، وەزیری کابینەی جەنگی ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوو لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، "ئێستا ئێمە بە دووڕیانێکی چارەنووسازدا تێدەپەڕین. سەرکردایەتی پێویستە وێنە گەورەکە ببینێت. مەترسی و دەرفەتەکان دەستنیشان بکات و ستراتیجییەکی نیشتمانیی نوێ دابڕێژێت، بۆ ئەوەی بتوانین شان بە شانی یەکتری بجەنگین".
بێنی گانتز گوتیشی، "دەبێت کابینەی جەنگ تا هەشتی حوزەیران پلانی کارکردن دابڕێژێت، کە ببێتە هۆی بەدیهێنانی شەش ئامانجە گرنگەکەی ستراتیجیی نیشتیمان. ئەگەر تۆ بەرژەوەندی نیشتیمان لەسەرووی کەسیی دابنێی و شوێن هەنگاوەکانی هێرتزل، بێن گوریۆن، بێگین و ڕابین بکەوی، ئەوا ئێمە وەک هاوبەش لە شەڕەکەدا دەبینی. بەڵام ئەگەر ڕێچکەی دەمارگیری بگریت و تەواوی وڵات بەرەو هەڵدێر بەریت، ئێمە ناچارین لە حکوومەت بکشێینەوە."
بەرەبەیانیی ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، سەدان چەکداری بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوان و چاوەڕواننەکراویان کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل؛ زیاتر لە 1200 کەسیان کوشت، کە زۆرینەیان هاووڵاتییانی سڤیل بوون. بەوەش نەوەستان، زیاتر لە 253 کەسیان وەک بارمتە گرت کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 134ـیان رزگار نەکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک بۆ هێرشەکەی حەماس، هەر لە ڕۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەستی بە بۆردوومانێکی چڕی پێگەکانی حەماس لەنێو غەززەدا کرد. چەند ڕۆژ دواتر، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی ئاسمانی و وشکانی بۆ سەر غەززە لە دژی حەماس دەست پێ کرد کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای ڕاگرتنی شەڕەکەی کردووە و ئاگربەستی ڕاگەیاندووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لە غەززە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، زیاتر لە 35 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر "ناوچە سڤیلنشینەکان" گیانیان سپاردووە؛ لەو ژمارەیە، نۆ هەزاریان ئافرەت و 13 هەزاریان منداڵ بوون. هاوکات زیاتر لە 75 هەزار هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوونە.