ڕۆژنامەنووس "شاکار ستار" لەلایەن هێزێکی ئەمنیی یەکێتییەوە دەستگیر کرا
هێزێکی ئەمنیی یەکێتی، شاکار ستار، بێژەر و ڕۆژنامەنووسی تیوار نیوز لە کاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر، لە بازگەی "ئاشتی"ـی كۆیە دەستگیر کرد.
هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ڕایگەیاند، کاتژمێر 10:45 خولەکی شەوی ڕابردوو، 18-05-2024، بێژەر و ڕۆژنامەنووسی تیوار نیوز، شاکار ستار لە کاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و لە بازگەی "ئاشتی"ـی كۆیە لە لایەن هێزێکی ئەمنی یەکێتییەوە دەستگیر کراوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، شاکار ستار لە کاتێکدا بووە لەگەڵ هاوسەر و دوو منداڵەکەیدا بووە و لە لایەن ئەو هێزەوە دەستگیر کراوە و دەست بەسەر ئۆتومبێلکەیدا گیراوە؛ ژن و دوو مناڵەکەشی بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە کۆیەوە بۆ سلێمانی براون.
لەلایەن خۆیەوە دیاریی محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، تایبەت بە داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بەدواداچوونمان بۆ ڕووداوەکە کردووە. پێشتر ئاسایشی سلێمانی سکاڵای لەسەر هەبوو، بۆیە لە کاتی گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر دەستگیر کراوە. ئێستا لە ئاسایشی گشتییە".
لەبارەی هۆی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسەکە، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوە کرد، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆ و ڕاپۆرتێک لە پەیجی تیوار نیوز، ڕۆژنامەنووس شاکار ستار دەستگیر کراوە".