د. بەشیر حەداد: لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت دۆخی پەرلەمان بەو شێوازەی ئێستا بمێنێتەوە

K24 – هەولێر:
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵیت: دۆخی پەرلەمان عێراق هەر بەو شێوازەی ئێستا بەردەوام دەبێت تا ماوەیەکی دورودرێژ، بەهۆی ئەوەی لایەنە شیعییەکان وایان پێ باشە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ناکۆکی نێو ماڵی سوونە هۆکاری رێکنەکەوتنیانە لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێشتا هۆشیارییەکی دیموکراسی لە عێراقدا بەرپا نەبووە، یەکلاکردنەوەی کێشەکان پێویستی بە کۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەکان هەیە، ناکۆکێ نێو ماڵی سوونە یەکێکە لە هۆکارەکانی رێکنەکەوتنیان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پێیان باشە دۆخی پەرلەمان هەر بەو شێوازەی ئێستا بمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت لای شیعەیە، جێگری یەکەمیش هەر شیعەیە، لە هەندێک لێدوانی نافەرمی باس لەوە کراوە، شیعە زۆرینەن لە عێراق و پێویستە هەر سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق بۆخۆیان بێت.
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێی وایە، دۆخی پەرلەمانی عێراق بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت تا ماوەیەکی دورودرێژ، هەروەها دەڵێت: شیعە لە ئێستادا نێو ماڵی سوونە و کوردیان پەرتەوازە کردووە، بۆ ئەوەی بۆخۆیان ئاسانتر بتوانن بڕیار بەدەستبن.
جەختی لەوەش کردەوە، دادگای فیدراڵی دەستوەردان لە پرسەکە ناکات چونکە لە پسۆرییەکەیدا نییە، ئەگەر دەستوەردانیش بکرێت دەبێت پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ماددەی 12 هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر هیچ لە کاندیدەکان دەنگی پێویستیان نەهێنا دووبارە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ کاندیدان بکرێتەوە.
رۆژی شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پهرلهمانی عێراق دەستیپێکرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.
هاوکات هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دروستووبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.