حکوومەتی ئێران: مردنی ڕەئیسی کاریگەریی لەسەر کاروباری حکوومەت نابێت

ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران

حکوومەتی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، مردنی سەرۆککۆمار و یاوەرانی، کاریگەریی نابێت لەسەر کارەکانی حکوومەت.

بەهۆی مردنی سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە، كابینەی حكوومەتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرەخۆشی لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و حكوومەت و گەلی ئێران کرد.

حكوومەتی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، مردنی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و یاوەرانیان کاریگەریی نابێت لەسەر کارەکانی حکوومەت و ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون.

سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە:

- ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران

- حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

- ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز

 - مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز

- سەرۆکی پاسەوانەکان و پاسەوانێکی سەرۆککۆمار

- فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە

- دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە

بە گوێرەی ماددەی 131ـی دەستووری ئێران، دوای نەمان، ئامادە نەبوون، دوورخستنەوە، دەست لە کار کێشانەوە یان نەخۆشکەوتنی سەرۆککۆمار، بە ڕەزامەندیی ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتەکانی بە جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار دەدرێت.

بە گوێرەی دەستوور، دەبێت جێگری یەکەم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی؛ ئەنجوومەنێک پێک بهێنن بۆ ئەوەی لە ماوەی 50 ڕۆژدا ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ بکات.

جێگری یەکەمی ئێستای سەرۆککۆماری ئێران "محەممەد موخبیر"ـە. ساڵی 2021 لەلایەن ڕەئیسییەوە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرا.

محەممەد موخبیر کێیە؟

- لە ساڵی 1955 لە شاری دیزفولی سەر بە پارێزگای خوزستان لە دایک بووە.

-  دوو بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە بوارەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردن.

- سەرۆکایەتیی کۆمیتەی کاروباری خێرخوازیی جێبەجێکردنی فەرمانی ئیمام خومەینی کردووە.

- بەڕێوەبەری جێبەجێکار و جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای خوزستان بۆ پەیوەندییەکان بووە.

- لە ساڵی 2010 یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی پێوەندی بە بەرنامەی مووشەکیی ئێرانەوە ناوی خستە لیستی سزاکانییەوە.

- لە کانوونی دووەمی ساڵی 2021 خرایە لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە.

- لە مانگی ئابی 2021 پۆستی جێگری سەرۆککۆماری ئێرانی پێ سپێردرا.

Fly Erbil Advertisment