پارێزگارى هەولێر سیستەمى نوێى کامێراى چاودێرى بازاڕى قەیسەری بەسەر ده‌كاته‌وه‌

K24 – هەولێر:

پارێزگارى هەولێر، سیستەمى نوێى کامێراى چاودێرى بازاڕى قەیسەری و ڕێوشوێنەکانى پاراستنى بازاڕه‌کە بەسەر ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئامانج لێى پاراستنى بازاڕەکە و سەلامەتى سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوى نەخوازراوى دیکە.

ڕۆژی (یه‌كشه‌ممه‌ 19ـی ئایاری 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە یاوەرى شوان عارەب، بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە گرتنەبەرى ڕێکارەکانى پاراستنى بازاڕى قەیسەرى و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوى نەخوازراو، دانانى سیستەمى نوێى کامێراى چاودێرى و کۆنتڕۆلى ناوەندیی سیستەمەکە و ڕێوشوێنەکانى پاراستنى بازاڕه‌کەى بەسەر کردەوە.

لە بەسەرکردنەوەکەدا، لە نزیکەوە لە چۆنیەتى دانانى سیستەم و بەستانەوەى کامێراکانى چاودێرى و دابەشکاریان بەسەر سەرجەم بازاڕەکە کۆڵییەوە و دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر و کارمەند و ئەندازیارانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکە کرد، بۆ ئەنجامدانى کارەکەیان بەشێوەیەکى پوخت و ئەندازەیی تۆکمە، کە ئامانج لێى پاراستنى بازاڕەکە و سەلامەتى سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوى نەخوازراوى دیکە.

لە چوارچێوەى ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى قەیسەرى و هەڵگرتنى سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى نەخوازراو، لە سەر ئەرکى پارێزگاى هەولێر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى هەولێر لەڕێگەى تیمێکى شارەزایی تەکنیکى، لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا دەستکراوە بە دانانى سیستەمێکى نوێى کامێراى چاودێرى بازاڕەکە و بەستنەوە و کۆنتڕۆڵکردنیان لە ناوەندێکى تایبەت بەیەکەوە.

کاتژمێر (9:30)ـی شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر، پۆلیس، ئاسایش، تیمەکانی تەندروستی، زێرەڤانی و شارەوانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

8
9
Fly Erbil Advertisment