محه‌ممه‌د قادری: هیچ گۆڕانێك به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا نایه‌ت
![7](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/May-2024/1716230942333.jpg)
K24 – هەولێر:
سه‌رۆككۆماری ئێران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسان و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئێران له ئه‌نجامی كه‌وتنه‌خواره‌وه و تێكشكانی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌یان، گیانیان سپارد؛ هاوكات ڕۆژنامه‌نووسێك كه شرۆڤه‌كاری سیاسیشه ده‌ڵێت، سیسته‌م له ئێران، سیسته‌مێكی خه‌ڵكسالاره.
ڕۆژی (دووشه‌ممه 20ـی ئایاری 2024) محه‌ممه‌د قادری، ڕۆژنامه‌نووس و شرۆڤه‌كاری سیاسی ئێران له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی ڕۆژ كه له لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌د له كوردستان24ـوه پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئاماژه به‌وه ده‌كات، به‌گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی، سه‌رۆكی ئێران و حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به‌تایبه‌ت له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه و ده‌ره‌وه‌دا هیچ گۆڕانێكی به‌سه‌ردا نایه‌ت.
محه‌ممه‌د قادری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ستراتیژیی ئێران به‌ر له‌و ڕووداوانه دیاری كراوه، بۆیه له ئه‌گه‌ری هه‌ر ڕووداو و پێشهاتێكی له‌م شێوه‌یه‌دا هه‌موو ئاماده‌كاری و ڕێكارێكی پێویست كراوه و گیراوه‌ته به‌ر.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، سیسته‌م له ئێران، سیسته‌مێكی خه‌ڵكسالاره، به‌و مانایه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌بێته سه‌رۆكی وڵات، ده‌بێت له لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌وه په‌سند كرابێت.
محه‌ممه‌د قادری سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران له ڕوانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه سه‌رۆكی نوێی ئێران په‌سند ده‌كات.
ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه كه هاوكات شرۆڤه‌كاری سیاسیشیه گوتی، سه‌رۆككۆماری نوێی ئێران بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌ست به كار ده‌بێت و به پێی ده‌ستوور بۆی هه‌یه ته‌واوی كابینه‌ی حكوومه‌ت پێك بهێنێته‌وه.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و مێدیای فەرمی وڵاتەکەش ڕایگەیاند، سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕه‌ئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانن.