سهرچاوهیهك بۆ كوردستان24: بۆردومانی كێڵگهی غازی كۆرمۆر نهكراوه
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەمێک پێش ئێستا تەنێکی نامۆ لە ئاسمانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بنیراوە بەڵام نازانن ئایا درۆن بووە یان نا.
ئهو سهرچاوه راشیگهیاند، پاسەوان و سکویریتیەکانی کێڵگەکە تەقەیان لێکردووەو دوور کەوتۆتەوە هیچ بۆردومانێکی کێڵگەکە نەکراوەو بارودۆخەکە ئاساییە.
رۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.
دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوە کرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.
غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.
کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.