ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران یەکەم کۆبوونەوەی دەکات
شەشەمین خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەسەڵاتەکان و کەسایەتییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە دەستی بە کارەکانی کرد.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەنجوومەنەکە بە خوێندنەوەی پەیامی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی دەستی پێکرد و لجنەی سەرۆکایەتیی کاتی بەپێی تەمەن دیاری کران کە بریتین لە سەرۆک و دوو جێگری سەرۆک و سکرتێری ئەنجوومەنەکە.
لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەدا لجنەی سەرۆکایەتیی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە بە دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێن کە پێکهاتەکەی لە سەرۆکێک و دوو جێگری سەرۆک، دوو سکرتێری ئەنجوومەن و دوو کارگێڕکار پێکدێن.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئەو وڵاتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە بوو، وەک ڕێزگرتنێک کورسییەکەی ڕەئیسی و محەممەد ئال هاشم بە پەڕۆی ڕەش و گوڵ داپۆشراوە. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەگەر لە ژیاندا مابوایە ئەوە یەکێک دەبوو لە بەربژێرانی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنەکە.
هەر لە کۆبوونەی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران لجنەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و دارایی دیاری دەکرێن.
یەکی ئاداری ڕابردوو هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی ئێران، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی وڵاتەکەش بەڕێوە چوو.
هەر یەک لە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران محەممەد ئال هاشم پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینی تەورێز کە ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێی شارەزایانی ئێران بوون، لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای تەورێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران گیانیان سپارد و دوای زیاتر لە 18 کاتژمێر گەڕان بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 20ی ئایاری 2024 تەرمەکانیان دۆزرایەوە.
