گوتەبێژی گەشتوگوزار: یاداشتنامەیەک لە نێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێم و ئێران واژۆ کرا

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە پێناو پەرەپێدان و زیادکردنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان یاداشت نامەیەک لەنێوان کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان وئێران واژۆکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی زیادکردنی ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوەی عێراق دێن بۆ هەرێم کوردستان، هەوڵدەدرێت پەیوەندی بە کۆمپانیا گەشتیارەکانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی جیهان بکرێت، بۆ ئەوەی ژمارەی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "بۆ ئەوەی پەیوەندی گەشتیارزیاتر بێت، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییانیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، لە نێوان کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێم کە ژمارەیان 30 کۆمپانیایە لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی وڵاتی ئێران، یاداشتنامەیەکیان واژۆکرا، ئەو واژۆکردنەی یاداشتنامەیەش لەو چوارچێوە دەبێت، ژمارەی گەشتیار لە دەرەوەی عێراقەوە دێن، بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێن".
ئەو گوتەبێژە گوتیشی: "ئەم هەنگاوە وادەکات کە پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان کۆمپانیاکانی هەردوولا دروست بێت، بۆ زیادکردنی گەشتیار".
ئیبراهیم مەجید ڕاشیگەیاند، "ئێستە زۆرینەی هەرە زۆری ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوانەن کە لە باشوور و ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە دێن، بۆیە ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین بە پلان ژمارەی گەشتیارانی لە دەرەوەی عێراقیش زیاد بکەین".