فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان: سەقامگیریی هەرێم بۆ ئێمە گرنگە

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی کوردستانمان بۆ گرنگە. دەشڵێت، پێویستە هەماهەنگیی سەربازیی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت.

جمجۆڵی چەکدارانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق بەردەوامە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرماندەی میحوەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان کفری و خورماتوویان بەسەر کردەوە، کە یەکێکە لەو ناوچە مەترسیدارانەی عێراق کە چەند ساڵێکە بووەتە پەناگە و شوێنی خۆحەشاردانی گرووپە چەکدارەکانی داعش. 

لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هێزەکانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2015ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئێمە لەسەر دوو بنەما کار دەکەین: یارمەتی هێزە ناوخۆیەکان دەدەین لە شەڕکردن لە دژی داعش، هەروەها پشتگیریی لە هێزە ناوخۆییەکان دەکەین سەبارەت دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پەرەپێدانی تواناکانیان. ئەمە ئەو کارەیە بە تایبەت لەگەڵ  هێزە کوردییەکان (هێزەکانی پێشمەرگە) دەکەین".

بە گوتەی ئەو فەرماندە سەربازییە، "ئەڵمانیا پشتیوانیی دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و تێکەڵکردنی هەردوو یەکەی 70 و 80 دەکات بە شێوەیەک لەژێر دەستەڵاتی سوپایەکی یەکگرتوو و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بن".

لارس پێرسیکۆڤسکی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی ڕابردوودا نەخۆشخانەیەکیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای هەولێر دروست کردووە، "بە مەبەستی بەردەست کردنی هاوکاریی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە بواری تیمارکردن و چارەکردنی سەربازە بریندار و نەخۆشەکانی هێزەکانی پێشمەرگە".  

 ئەو فەرماندە سەربازییە ئەڵمانییە ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە، پشتگیری لۆجستیی مەیدانییان بۆ پێشمەرگە دابین کردووە و ئامێر و کەلوپەلی سەربازییان بۆ دابین کردوون.

لارس پێرسیکۆڤسکی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و بە پێویستی زانی هەماهەنگی و پەیوەندییەکی باشی سەربازیی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش ڕزگار کراون.

Fly Erbil Advertisment