ئایدن مەعروف: کۆمیسیۆن بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی ستەمی لە پێکهاتەکان کرد

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

K24 – هەولێر:

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت: لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆندا بەرژەوەندیی پێکهاتەکان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکو کۆمیسیۆن بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی ستەمی لە پێکهاتەکان کرد. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە داکۆکی کار بووە لە مافی پێکهاتەکان.

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ دووبارە ستەم لە پێکهاتەکان کرا و دابەشکردنی کورسیی کۆتا بەشێوەیەکی داپەروەرانە نەبووە، نەدەبوو ژمارەی کورسیی کۆتا کەم بکرێتەوە چونکە بە یاسا ڕێک خرابوو، هەورەها بڕیارەکەی کۆمیسیۆن لەبارەی کورسیی کۆتا سیاسییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕیارەی کۆمسیۆن ڕەت دەکەنەوە چونکە لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکاندا نییە، هەورەها بڕیاری دابەشکردنی کورسیی کۆتا بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسییە، ئەمەش هەڵەیە و کاریگەریی لەسەر ڕەوشی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان دەبێت.

هاوکات باسی لەوە کرد، سیستەمی کۆتا بووەتە پرسێکی سیاسی و بەردەوام دەستوەردان لە کاروبارەکانیاندا دەکرێت. دەبوو هەموو لایەنەکان داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان بکەن، بەڵام بەداخەوە لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆندا بەرژەوەندی پێکهاتەکان لەبەرچاو نەگیراوە و داواکارییەکانیان بەهەند وەرنەگیرا.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵیت: "زۆر سوپاسی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکەین کە هەمیشە داکۆکیکار بووە لە مافی پێکهاتەکان، هەروەها گەڕانەوەی ئەو پێنج کورسییەش بۆ پێکهاتەکان بە هەوڵەکانی جەنابیان بووە".

جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێز لە ئیرادەی پێکهاتەکان بگرێت بۆ ئەوەی پێکهاتەکانیش بتوانن بە شێوەیەکی کاراتر بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا بکەن.

ئایدن مەعروف، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بکرێت، هاوکات گوتی: لە داهاتوودا هەڵوێستمان دەبێت لەسەر ئەو ستەمەی کە لە ئێمە کراوە و پێویستە مافەکانمان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.

پێشتر دادگەی فیدراڵیی بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بە پشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.