بلینکن: هاوخەمین بە گیان سپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ڕەنگە گەلی ئێران لە دوای کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران، لە دۆخێکی باشتردا بن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە دانیشتنی لێژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێسدا، لە وەڵامی پرسیاری سیناتۆر تێد کروز، سەبارەت بەو سەرەخۆشییە فەرمییانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تارانی ناردبوو، ڕایگەیاند، بە دڵنیاییەوە ئێمە خەمبارین بە مردنی، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران.
بلینکن دەڵێت : "بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو کارە ترسناکانەی کە ڕەئیسی وەک سەرۆککۆمار تێوەگلا بوو، دەڵێم "جیهان باشتر دەبێت" ڕەنگە بۆ گەلی ئێران وا باشتر بێت.
لای خۆیەوە سیناتۆر جۆن باراسۆ، ڕەخنەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گرت لەسەر سەرەخۆشیەکانی و بڕیارێکی لەو شێوەیەی بە "هەڵەیەکی گەورە" وەسف کرد، بلینکن لە وەڵامدا گوتی، " ئێمە ئەو سەرەخۆشییە دەکەین کە وڵاتانی جیهان بۆ لەدەستدانی سەرکردەکانی وڵاتان دەیکەن، جا ئەگەر دوژمن بێت یاخود دۆست".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی یاوەری دەربڕی و لە هەمان کاتدا جەختی لە پشتیوانیی خۆی لە خەباتی ئێرانییەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکان کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمەریکا هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی سەرۆککۆماری ئێران و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەندامانی دیکەی شاندەکەیان لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەر لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران دەردەبڕێت.
سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە ڕەئیسی و عەبدوڵڵاهیان و بەرپرسانی دیکەی ئێران لە کاتی گەڕانەوەیان لە ناوچەی "خودا عەفرین" لە سنووری هاوبەش لەگەڵ ئازەربایجان بەرەو شاری تەورێز کەوتە خوارەوە و سەرجەمیان گیان سپارد.