لە هێرشێکی داعشدا ئەفسەرێک و دوو سەربازی سووریی کوژران

بەگوێرەی ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ئەنجامی هێرشێکی داعش بۆ سەر پێگەیەکی سەربازی لە ناوەڕاستی سووریا،  سێ سەربازی سووریی کوژران کە یەکێکیان ئەفسەر بووە بە پلەی موقەدەم.

ڕوانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، چەکدارانی شانەکانی داعش هیرشێکیان کردووەتە سەر شوێنێک لە بیابانی ئەلسوخنە، لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی حمس، کە سەربازانی سووریای تێدا جێگیر بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم و دوو سەربازی دیکە"، لەوکاتەی هێزەکانی سووریا سەرقاڵی هێنانی سەرباز بوونە بۆ شوێنەکە.

ڕوانگە دەڵێت، لە 3ـی ئایاری ڕابردوو، لە هێرشێکی داعشدا 15 چەکداری لایەنگریی حکوومەتی سووریا کوژران.

چەکدارانی داعش چوونەتە ناوچە بیابانییەکان و لەوێوە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر سەربازانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.

ڕێکخراوی داعش لە 2014 ڕووبەرێکی فراوانی لە سووریا و عێراق کۆنترۆڵکرد، هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بە پاڵپشتی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئاداری 2019 دواین ناوچەی لە ژێر دەستی چەکدارانی داعش دەرهێنا.

لە ساڵی 2011ەوە، شەڕی ناوخۆ لە سووریا سەری هەڵداوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژراون، هەروەها ژێرخانی ئەو وڵاتەش داتەپیوە و ملیۆنان سووریش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.

 

Fly Erbil Advertisment