لە ئێران جگەرەکێشان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو

هاووڵاتییانی ئێران ساڵانە بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار جگەرە یا نێرگەلە دەکێشن و بەکارهێنانی جگەرە بە تایبەت لە نێو ئافرەتاندا بە خێرایی پەرەی سهندووه.
سکرتێری کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتن ئاشکرای کردووە، تەمەنی دەستپێکردنی جگەرەکێشان لە ئێران لە نێو کوڕاندا نۆ ساڵ و لە نێو ئافرەتانیشدا 13 ساڵە.
جگەرەکێشان لە ئێران بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی بەربڵاو کە ساڵانە زیاتر لە 9 ملیار دۆلار زیان لە ئابووریی ئەم وڵاتە دەدات.
دوکتور محەممەد ڕەزا مەسجدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی تووتنەمەنی هۆشداریی داوە کە تەمەنی دەستپێکردنی جگەرەکێشان لە ئێران لە نێو کوڕاندا گەیشتووەتە 9 ساڵ و لە نێو ئافرەتانیش سێزدە ساڵە. ئاشکراشی کردووە جگەرە و نێرگەلەکێشان لە نێو ئافرەتاندا بە خێراییەکی زیاتر پەرە دەستێنێ و بەکارهێنانی جگەرە لە نێو ئافرەتانی 13 تا 15 ساڵە، 135% زیادی کردووە.
مەسجدی ئاشکراشی کردووە، یەکێک لە هۆکانی زۆربوونی جگەرەکێشان لە نێو هاووڵاتییان، بڵاو بوونەوەی جگەرەی ئەلەکترۆنییە کە ڕیکلامی ناڕاستی بۆ دەکرێ و دەگوترێ بۆ واز هێنانی لە جگەرە بەسوودە. بەڵام ئەم جگەرەیە کە لە ئەورووپا و ئەمریکاش خەریکە قەدەغە دەکرێ، بووەتە هۆی ئەوەی ئەوانەی جگەرەکێشیش نەبوون فێری جگەرەکێشان ببن.
بە پێی ئامارە فەرمییەکان لانیکەم 15%ـی هاووڵاتیانی ئێران جگەرە یا نێرگەلە دەکێشن و ساڵانە بایی سێ ملیارد دۆلار پارە بۆ کڕینی جگەرە و نێرگەلە خەرج دەکرێت. دوو ئەوەندەی ئەو بڕەش واتا زیاتر لە شەش ملیارد دۆلار، خەرجی کاریگەرییە نەرێنییەکانی جگەرە و نیرگەلە لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دەکرێت.