نەبەز عەبدولحەمید: هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ سەرژمێریی دانیشتوان کردووە

قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ سەرژمیریی دانیشتوان کراوە و ئەو سەرژمیرییە پێویستی بە 15 هەزار کارمەند هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ سەرژمێری دانیشتوانی کوردستان، چەندان کارمەند ڕادەهێندرێن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی ئەو تیمانە بکەن کە لەو ڕۆژەدا سەرژمێریی هاووڵاتییانی عێراق و کوردستانی دەکەن.
بەگوتەی ئەو قایمقامە، "بەمەزندەی هەموو لایەک ئەو سەرژمێرییە، پێویستی بە 15 هەزار کارمەند، بەتایبەت لە تیمی مامۆستایان هەیە لەو ڕۆژەدا".
قایمقام دەشڵێت: "ئێمە وەکو قەزای ناوەند هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە، تیمەکانی پۆلیس لەگەڵ ئەو تیمانە دەبن و هاوکارییان دەکەن، تیمەکانی تەندروستی، پۆلیسی هاتووچۆ، دابین کراوە".
نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند، "پرۆسەی سەرژمیریی دانیشتوان ماوەی دوو ڕۆژ لە کوردستان دەخایەنێت، لە گەرەکی ئیبن مستەوفی شاری هەولێر دەست پێ دەکات، پڕۆسەکەش، گەمارۆدان و ژمارەدانان لەو شوێنانەی کە باڵەخانەی لێیە جا هەر باڵەخانەیەک بێت تایبەت بێت یاخود بازرگانی، هەروەها پڕکردنەوەی فۆرمەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی".
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت: "جیاوازی ئەو پڕۆسەیەش لەگەڵ پڕۆسەکانی سەرژمێری ڕابردوودا کە لەسەردەمی بەعسدا کراوە، ئەوەیە کە ئەم پڕۆسە 15 ڕۆژ دەخایەنێت، قەدەغەی هاتووچۆ بەشێوازێکی نوێ دەبێت. هەموو ئامادەکارییەکیشمان بۆ ئەو سەرژمیرییە کردووە."