دوو بازرگان بە حەبی هۆشبەرەوە دەستگیر کران

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند کە بڕێکی زۆر لە حەبی هۆشبەری ترامادۆڵیان پێ بووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و 850 بەستە حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ دەستیان بەسەر داگیراوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، لە بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لە 21ی ئەم مانگە تیمێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە چالاکییەکدا توانییان دوو تۆمەتبار کە بازرگانییان بە حەبی هۆشبەرەوە دەکرد، دەستگیر بکەن.
ڕاشیگەیاندووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبارەکە 850 بەستە کە دەکاتە 8500 دەنکە حەبی ترامادۆڵ لە شارۆچکەی خەبات دەستی بەسەردا گیراوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان هاتووە، هەردوو تۆمەتبارەکە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئاشکرا کردنی سەرچاوەی وەدەستخستنی ئەم جۆرە حەبە .