ئیسرائیل باڵیۆزانی خۆی لە ئیرلەندا و نەرویج کشاندەوە
دوای ئەوەی ئیرلەندا و نەرویج وەک پشتیوانییەک بۆ قەوارەی سەربەخۆی فەڵەستین بڕیاریان داوە دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باڵیۆزانی خۆی لە هەردوو وڵات کشاندەوە و ڕاگەیەندراوێکیشی بڵاو کردەوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە بارەی هەنگاوەکانی ئیرلەندا و نەرویج بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، لە هەنگاوی یەکەم نوێنەر و دیپلۆماتکارەکانیان دبلن و وارشۆ بە مەبەستی ڕاوێژ کشاندووەتەوە.
کاتس ئاماژەشی داوە، کە پەیامێک توندیان ئاراستەی هەردوو وڵاتەکە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو بوو جۆزیپ بۆڕێل بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو، بڕیارە تاوەکوو کۆتایی مانی ئایار ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپایی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن.
هەروەها پێدرۆ شانسێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاندووە، لە داهاتووێکی نزیکدا حکوومەتەکەی هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپای دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت، هاوکات هەر یەک بەلجیکا، سلۆڤینیا و ماڵتا بڕیاریان داوە لە داهاتووێکی نزیکدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن.
زیاتر لە حەوت مانگ بە سەر هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تێ دەپەڕێت و بە گوێرەی ئامارە تەندروستییەکانی فەڵەستین تاوەکوو ئێستا 35 هەزار 647 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و نزیکەی 80 هەزار کەسیش برینداربوون