شرۆڤەکارێکی سیاسی: بەشداریی شاندی باڵای هەرێم لە پرسەی سەرۆککۆماری ئێران کاریگەریی لە زۆر وڵاتان زیاتر دەبێت

ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ شرۆڤەکاری سیاسیی لە بارەی بەشداریی کردنی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لە پرسەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کوردستان24 گوتی: بەشداریی شاندی باڵای هەرێم بایەخ و کاریگەریی تایبەتی لە ڕێکخستنەوە و بە هێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران دەبێت، چونکە پێگەی دراوسێیەتی هەرێمی کوردستان بەراورد پەیوەندییەکانی هەندێک لە وڵاتان کاریگەری زیاتری هەیە.

ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ دەڵێت؛ چوونی شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ تاران دەرگەیەکی باشی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی کردەوە؛ چاوەڕوان دەکرا بە سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا و هەولێر پەیوەندییەکانی هێندەی دیکە بەرەو پێش بچن، بەڵام قەدەر ڕێگەی نەدا سەردانەکە بکرێت. بۆیە چوونی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێک هاتووە بۆ بەشداریی لە پرسە و سەرەخۆشی سەرۆککۆماری ئێران و هاوەڵەکانی پەیوەندییەکان هێندەی دیکە بەهێز و پتەوتر دەکات.

گوتیشی: هەرچەند سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەشدارییە لە ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی، بەڵام بەشداری کردن لە پرسە و بۆنەکانی دیکە دەرفەتێکە بۆ دەربڕینی نیازپاکی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان، هەربۆیە ئەگەر هەیە لە پەراوێزی بەشداربوون لە پرسەی کۆچی دوایی سەرۆککۆماری ئێران چەند دیدارێکی سیایی بڕەخسێت، چونکە بەرپرسانی چەندین وڵات بەشدار دەبن.

هەروەها ئاماژەی دا، پێگەی هێز و سیاسی ئێران لە ناوچەکە و کاریگەرییەکانی وای کردووە پرسەی ماتەمینی سەرۆکی وڵاتەکە دەرفەتێک بێت و هەم لە ئاستی ناوخۆدا کۆکەرەوەی جەماوەریی بێت، هەم لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی کۆکەرەوەی هاوخەمانی ئێران بێت، هەربۆیە بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەراورد بە بەشێک لە وڵاتان کاریگەری زیاتر هەبێت و زیاتر ببێتە تێکشکاندنی بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە دراوسێیەتی و هاوسنووری کاریگەریی زیاتر هەیە لە پەیوەندییەکان.