ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر 377 کارتۆن دەرمانی قاچاغ گرت

ئاسایشی هەولێر، دەستی بەسەر کۆگاکانی دەرمان گرت کە بە شێوەی قاچاغ دەرمانی تێیدا هەڵگیراوە بوو و هەولی دەدا لە ڕێگەی پاسێک دەرمانەکان بگوازێتەوە بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی ئایاری 2024، د. محەممەد ڕەشید، بەرپرسی چاودێریی دەرمان لە بەشی کوالێتی کۆنترۆڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمەڵێک دەرمانی جیاوازن، دەستیان بەسەردا گیراوە کە پێک هاتووە لە دەرمانی ڤیتامینات و شەکرە و پاڵەپەستۆی دڵ، ئەم دەرمانانە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمپانیایەکی فەرمی هاوردە کراوە، بەڵام بەشێوازێکی نادروست و ناتەندروست، هەوڵیان داوە بگوازرێتەوە کە بەشێک لەو دەرمانانە لەناو پاسی گەشتیاریدا شاردراونەتەوە. بۆ ئەوەی بە قاچاغ بگوازرێنەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق، کە ئەمەش بەپێی مەرجەکانی گواستنەوەی دەرمان ڕێ پێدراو نییە. چونکە کاریگەریی لەسەر سەلامەتیی دەرمانەکە هەیە. لەناو کۆگایەکدا ئەو دەرمانانە هەڵگیراون و پلەی ئەو شوێنە بەپێی مەرجەکانی تەندروستی نییە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، "دەرمانەکان لە بابەتی جوانکاری و قەترەی چاو و چەند دەرمانێکی دیکە پێک هاتووە، لە شوێنێکی گەرم بە شێوەی هەڵگیراوە. هەموو دەرمانێک شێوازی کۆگاکردنی تایبەت بەخۆی هەیە، دەبێت لە پلەی گەرمی دیاریکراوەدا بەپێی ئەو کارگەیەی کە دروستی کردوو،ە دیاری بکرێت. بەڵام لێرە هەموو مادەکان تێکەڵ کراون و بە نازانستی هەڵگیراون کە ئەمەش کاریگەری لەسەر کوالێتی بەرهەمەکە دەکات لە داهاتوودا".
دەشڵێت: "سەرمان لەوە سوڕماوە کە بۆچی هەوڵدراوە بەو شێوەیە دەرمانەکە بگوازرێتەوە، لە کاتێکدا دەرمانەکە دەرمانێکی فەرمییە و بە بەشێوازی فەرمیی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە. بەڵام لەکاتی بە بازاڕکردن لێرە پێویستی بەوە هەیە کە ستیکەری وەزارەتی تەندروستی لێ بدرێت، هەر بۆیە ئێمە گومان دەکەین کە هەوڵ دراوە بەم شێوەیە لە کۆگاکانی کۆمپانیا دەربهێنرێت و بگوازرێتەوە بۆ شارەکانی خوارووی عێراق".
"ڕەنگە بۆ ئەوە ببێت کە پێش ئەوەی چاوەڕێ پشکنینێک بکەن یان چاوەڕێی ئەنجامی پشکنین بکەن، دەرمانەکان بگوازنەوە کە ئەمەش سەرپێچی یاساییە و بێگومان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەسی سەرپێچکەر دەگیرێتە بەر" د. محەممەد ڕەشید بەرپرسی چاودێری دەرمان لە بەشی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان وا دەڵێت.
ئەم کارتۆنانەی کە لێرەیە نزیکەی 377 کارتۆنە. هەزاران بەستە حەبی تێدایە، بە گوتەی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمانەم دەرمانانە فەرمین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی فەرمیی هاتوون، بەڵام هیچیان ستیکەری پێوە نییە، هەروەها ئەم دەرمانانە هی ماوەکانی ڕابردووە ماوەتەوە و ویستوویانە لە کۆگایەکی نهێنی بە شێوەی قاچاغ ببرێت بۆ بەغدا، بەڵام لەلایەن بەڕێوبەریەتیی ئاسایشی هەولێر هۆبەی ئابووری دەستیان بەسەردا گیراوە.