پەرلەمانی عێراق ڕۆژی غەدیری کردە پشووی فەرمی

دوای چەندین هەفتەی مشتومڕاوی لەسەر ڕۆژی غەدیر، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق ڕۆژی "18ـی زیلحجە"ـی کردە پشووی فەرمی بەبۆنەی ڕۆژی غەدیر.
ئەمرۆ چوارشەممە، 22-5-2024، پەرلەمانی عێراق لەسەر کۆمەڵێک بابەت دانیشتنی ئاسایی خۆیی کرد، کە یەکێک لە کارنامەکانی دانیشتنەکەی، ڕۆژی غەدیر بکاتە پشووی فەرمی.
لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق، پشووی ڕۆژی غەدیر دەنگی لەسەردرا بەفەرمی کەوتە لیستی پشووە فەرمییەکانی عێراق.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند هەفتەیە نوێنەرانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ئەو پرسە مشتومڕاوییەی نێوان مەزهەبەکانیان لە عێراق وروژاندووە، کە دوایینیان داوایان لە دادگای لێکۆڵینەوە کردووە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوەکانی مێژووی ئیسلامی، هەروەها گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن لەسەر بنەمای "گێڕانەوە" کە تایبەتە بە یەک مەزهەبەوە.
نوێنەرانی سوننە و شیعە یەکتر بە ململانێ و ئاژاوەگێڕی مەزهەبی تۆمەتباردەکەن؛ ژمارەیەکیشیان پەنایان بۆ دەسەڵاتی دادوەری بردووە بۆ چارەکردنی "ناکۆکییە مێژووییەکان"، لەکاتێکدا دووبارە باسکردنەوەی ئەو پرسە بە هەوڵێک دەزانرێت بۆ لادانی سەرنج لە پرسە گرنگ و هەنووکەییەکان.
پێشتر مشتومڕێکی سیاسی لەسەر "پشووی جەژنی غەدیر" بۆ عێراقییە شیعە مەزهەبەکان هاتە ئاراوە، دواتر هەوڵی لابردن یان ڕووخاندنی پەیکەری خەلیفەی عەباسی ئەبو جەعفەر ئەلمەنسور درا.
عەلی تورکی، نوێنەری عەسائیب ئەهلی حەق، لە کەناڵێکی ناوخۆیی لێدوانی خراپی لەسەر کەسایەتییە ئیسلامییەکان دا، ئەمەش کاردانەوە و توڕەیی لێ کەوتەوە.
تا ئەمڕۆش عەسائیب ئەهلی حەق، سەرەڕای کاردانەوەکان هیچ لێدوانێکی بڵاونەکردووەتەوە.
دواتر دیوانی "وەقفی سوننە" لە عێراق سکاڵایەکی لە دادگای کەرخ لە بەغدا تۆمار کرد و تێیدا هاتبوو، "پەرلەمانتار عەلی تورکی، لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی "ئەلعەهد"ـی ئاسمانی، قسەی ناشرین خراپی کردووە و سوکایەتیی قێزەونی بەرانبەر بە هێماکانی نەتەوەی ئیسلامی کردووە".
وەقفی سوننە دەڵێت: "ئەو کردەوەیەی ئەو کەسە کردوویەتی تاوانە، کە بە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969 بەپێی ماددەی 5-372، سزا دەدرێت، چونکە هێماکانی ئیسلام بۆ گەلە نەک بۆ مەزهەبێکی دیاریکراو، بۆیە دیوانی وەقفی سوننە، سکاڵا لەسەر هەمووان دەکات.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمانتاری پێشوو حەیدەر مەلا، لە پۆستێکی پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ سکاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتار عەلی تورکی تۆمارکردووە، کە سوکایەتی بە "سیمبولەکانی نەتەوەی ئیسلامی" کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە "دەسەڵاتی دادوەری عێراق شوێنیکی سەلامەتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێی مەزهەبی".
مەلا پێی وابوو، کە "ئەو یاسایەی کە سکاڵای لەسەر کراوە بەپێی بڕگەکانی ماددەی 5-372 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـیساڵی 1969 کاردەکات"، چونکە خەلیفە ڕاشیدینەکان سیمبولی نەتەوەی ئیسلامن، نەک مەزهەبێکی دیاریکراو".
