نیهال شەممەری: ئەگەر 100 پردیش لە بەغدا دروست بکرێت کێشەی قەرەباڵغی چارەسەر نابێت

بەغدا
بەغدا

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا بە دروستکردنی پرد و گۆڕینی کاتی دەوامەکان چارەسەر نابێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی بەغداش لەدوایین ئاماردا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی نێو ئەو شارەی بە زیاتر لە  سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل خەمڵاندووە، کە ئەو ژمارەیەش 10 هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی بەغدایە.

نیهال شەممەری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشکی پارێزگای بەغدا ئاماژە دەڵێت: "هەنگاوەکانی حکوومەت بۆ کۆتاییهێنان بە قەرەباڵغی شەقامەکانی بەغدا بە دروستکردنی پرد و گۆڕینی کاتی دەوامەکان چارەسەر نابێت، تەنانەت ئەگەر 100 پردیش لە بەغدا دروست بکرێت کاریگەری نابێت، چونکە شارەکە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدایە".

شەممەری جەختی لەوەشکردەوە، پێویستە حکوومەت هەنگاو بەرەو رێکخستنی پرسی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بنێت، چونکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی ژماریەکی زۆر ئۆتۆمبێل هاوردەی بەغدا دەکرێت.

بە گوتەی چاودێران، تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 7.73 ملیۆن ئۆتۆمبێل، کە نزیکەی نیوەیان لە سنووری پارێزگای بەغدان، ژمارەکەش بە بەراورد بە ساڵی 2022 ڕێژەکە لە 1.8% زیادیکردووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت، هەر 5 عێراقییەک، ئۆتۆمبێلێکیان هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی بەغداش لەدوایین ئاماردا، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی نێو شارەکەی بە زیاتر لە  سێ ملیۆن ئۆتۆمبێل خەمڵاندووە، کە ئەو ژمارەیەش 10 هێندەی توانای لەخۆگرتنی شەقامەکانی بەغدایە، بەگوێرەی پێوەرە جیهانییەکان بۆ پێوانەکردنی ئاستی پاکیی هەوا، کە دەزگای "ئای کیوو ئیێر"ــی سویسری پشتی پێدەبەستێت،  بەغدای پایتەختی عێراق لە رووی پیسیی کەشوهەواوە لە ریزبەندی هەشتەمی پایتەختەکانی جیهاندایە.

Fly Erbil Advertisment