شرۆڤەکارێکی سیاسی: گەندەڵیی لە عێراق زیادی کردووە
"لە سەدا 80ـی گەندەڵکاران بەرپرسەکانن"

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایگەیاند، دۆسیەی گەندەڵی زیادی کردووە، هەروەها چەندین دۆسیەی جیاواز هەن کە تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و دۆسیەکە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
عەلی ساحێب، شرۆڤەکاری سیاسی، لەسەر دۆسیەی گەندەڵی و دزی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "پرسی گەندەڵی تاوەکو ئێستا تەمومژاوییە و دەستکەوتی گەندەڵی جیاوازی تێدایە، هاوکات دۆسیەی گەندەڵی زیادیان کردووە، هەروەها چەندین دۆسیەی جیاواز هەن کە تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و دۆسیەکان ڕاگیراون".
شرۆڤەکارە سیاسییەکە دەشڵێت: "پێویستە لەو بابەتە هیچ ئاسانکارییەک نەکرێت، چونکە کاریگەری لەسەر بودجە و سامانی گشتیی عێراقەوە هەیە"، هەروەها ئەگەر باسی ئابووریی ئێستای عێراق بکەین، کۆمەڵێک بەرپرس هەیە دەستیان لەو دزیانە هەیە کە لە عێراق دەکرێت، بۆیە لە سەدا 80ـی بەرپرسانی عێراق گەندەڵیان کردووە.
عەلی ساحێب ڕاشیگەیاند، دەستەی دەستپاکی و دادگاکان و هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت، نەیانتوانیووە ئەو گەندەڵیانە ڕابگرن، بەداخەوە ئەوانە زیرەکانە گەندەڵیی و دزیی دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوکەسەی کەوا گەندەڵی و دزیی دەکات، کەسێکی ئاسایی نییە، بۆیە ناتوانیت لە ڕێگەی پۆلیسەوە دەستگیری بکەیت و بیوەستێنیت، هەروەها ئەوانەی دزی و گەندەڵی دەکەن دوور نین لە حکوومەت و دەسەڵات، لەبەرئەوە سەختە ئەو دۆسیە چارە بکرێت.
پرسی دزیی سەدە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چەند کەسێک دەستیان لە دەرهێنانی پارە بە شێوەیەکی نەختینەیی لە دەستەی گشتی باج لە ساڵانی 2021 و 2022 کە کۆی گشتیی ئەو پارەیە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دەر هێنابوو، ئەمەش بە بڕە پارەیەکی زۆر دادەنرێت تەنانەت لە وڵاتێکدا کە هەمیشە لە ریزبەندی گەندەڵترین وڵاتەکانی جیهاندایە.
لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئهوهی بانكی رافیدهین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له ههژماری دهستهی گشتی باج پشتڕاست كردهوه، دادگای کەرخ لە بەغدا فهرمانی دهستگیركردنی بۆ تۆمهتبارانی ئهو دۆسیەیە دهركرد.
رۆژی (1ـی شوباتی 2023) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزیی سەدە لە ههژماری دهستهی گشتیی باج دزرا بوو، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.