قایمقامی هەولێر: زیاتر لە نۆ هەزار سەگی بێلانە کۆ کراونەتەوە

K24 – هەولێر:
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی دروستکردنی شێڵتەر ژمارەی سەگی بێلانە لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر کەمی کردووە. ناوبراو دەڵیت: پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە بەردەوامە و نزیکەی ساڵێکی دەوێت تا بە تەواوی لە گەڕەکەکان نەهێڵدرێن.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، لەمیانە بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵکانی کوردستان24ـدا گوتی: ئەو سەگە بێلانانەی سەر شەقام و گەڕەکەکان بەراورد بە ماوەکانی رابردوو ژمارەییان کەم بووەتەوە، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا دەست کراوە بە کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، چەند تیمێک بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراون چونکە درک بەوە کراوە ژمارەیان لە گەڕەکەکان زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵانی زوودا لەلایەن تیمەکانی شارەوانی سەگەکانی سەر شەقامەکان لەناو دەبران، هەروەها یاسای عێراقیی تا ئێستا رێگە بە کوشتنی سەگەکان دەدات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئێمە ئەم کارە نەکەین و شێڵتەرێکمان دروست کردووە بۆ ئەوەی ئەو ئاژەڵە لە مرۆڤ دور بخرێتەوە.
هاوکات دەڵێت: پیشتر ژمارەی سەگە بێلانەکان لەنێو گەڕەکەکان زۆر بوون و زۆر حاڵەتی گەستن تۆمار دەکران، هاووڵاتییانیان هەراسان ببوون، نزیکەی 150 حاڵەتی گەستن مانگانە تۆمار دەکرا، بەڵام ئێستا کەمبووتەوە بۆ نزیکەی 70 حاڵەتی مانگانە.
قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، باسی لەوە کرد، رۆژانە نزیکەی 50 سەگ کۆ دەکرێتەوە، بەڵام پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان پێویستی بە چەند ساڵێکە و بەپەلە بنبڕ نابێت، هەروەها هەموو تاکێکی شاری هەولێر هەست بە کەمبووەونەی سەگی بێلانە دەکەن، تا ئیستا زیاتر لە 9 هەزار سەگی بێلانە کۆ کراونەتەوە.
ناوبراو زیاتر گوتی: سنووری شارەوانییەکان بەسەر شەش شارەوانی دابەش بووە، هاووڵاتییان بە پێی شوێنی خۆیان دەتوانن پەیوەندی بە شارەوانی ناوچەکە و قایمقامییەت بکەن و ژمارەکان بەردەوام کراوەن، لە هەر شوێنێک سەگی بێلانە بوونی هەبێت تیمەکان رادەسپێردرێن بۆ کۆکرندەوەیان، "دەشبێت هاووڵاتییان لە بوونی سەگی بێلانە لە گەڕەک و شەقامەکان ئاگادارمان بکەنەوە".
نەبەز عەبدولحەمید، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان شێڵتەر دروست بکرێت، تا ئیستا تەنیا لە هەولێر هەیە، گوتیشی: "لە ئاییندەدا هەوڵەکان چڕتر دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی لەو شوێنانەی کە بوونی سەگەکان مەترسیین لەسەر هاووڵاتییان تیمەکان بچن کۆیان بکەنەوە".