شەڕی دۆلار 30 وڵاتی لە مۆسکۆ کۆ کردووەتەوە

شەڕی کۆتایی هێنان بە مامەڵەی بازرگانی بە دۆلاری ئەمەریکی, نوێنەرانی 30 وڵاتی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی بریکس لە مۆسکۆ کۆ کردووەتەوە و هەوڵ دەدەن بگەنە ڕێککەوتنێکی پتەو بۆ ئەوەی لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا کۆتایی بە پشت بەستن بە دۆلار بهێنن و لە بری دۆلار مامەڵەکانیان بۆ دراوە نیشتیمانییەکانی خۆیان بگۆڕن.
کۆڕبەندی ئەکادیمیی بریکس، کاربەدەست و پسپۆڕانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکە، کۆکن لەسەر ئەوەی کە چەندین ساڵ بوو جیهان تەنیا لەلایەن ژمارەیەکی دیاری کراوی کارەکتەرەوە کۆنترۆڵ کرابوو. سێرگی ڕیبکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ کوردستان 24 دوا و گوتی: "زیاتر لە 30 وڵات ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ بوونە ئەندام لە بریکس، ئێمە دەزانین کە هەر زیاد بوونێک لە ڕێکخراوەکەدا ئاڵەنگارییەکی نوێیە و ئەرکێکی نوێ دێنێتە پێش؛ بۆیە هەر نوێکارییەک شێوازی گۆڕانی بەسەردا بێت، بەجۆرێک کە چوارچێوەی نوێ دابڕێژرێت بۆ ئەوانەی خواستی بەشدارییان هەیە. بەبڕوای من، سەرکردەکان لە شاری کازان ئەمساڵ بڕیار لەسەر فراوانبوون و بەهێزبوونی بریکس دەدەن، هاوکات ئاسۆی ڕوونتر بەڕووی زۆرینەی دانیشتووانی دونیا دەکرێتەوە، کاری بریکس دژبەرایەتی خۆراوا نییە، بەڵکو پلاتفۆرمێکە بۆ هەمووان".
ئێران، سعوودیە و ئیمارات سێ وڵاتی ئیسلامین، لە ئەندامە نوێیەکانی ڕێکخراوەکەن و عەلیڕەزا گوڵیپوور، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی سیاسی لەو بڕوایەدایە، بریکس لە هەگبەیدایە ڕێکخستنێکی دادپەروەرانەتر بۆ جیهان دەستەبەر بکات و بە کوردستان24 ی گوت: "دەبێت دەستخۆشیی لە ڕووسیا بکەین بۆ ڕێکخستنی کۆڕبەندێکی لەم چەشنە بە ئامادەبووونی نوێنەری نوێ و نوێنەری وڵاتانی پێشتری ڕێکخراوەکە. ئەندامانی نوێ دڵنیایی و هێزی زیاتر بە ڕێکخراوەکە دەدەن بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەم ڕەوشە ئاڵۆز و پڕ ململانێیەی جیهانی گرتووەتەوە و سەر بۆ ڕێکخستنێکی نوێی جیهان دەکێشێ. من پێموایە بریکس لە توانایدایە کاریگەری بەسەر ڕێکخستنی جیهانەوە دابنێت و دەرفەت بسازێنێ، وڵاتان بەشداری زیاتریان لە کێکی ئابووریی جیهاندا هەبێت"
بەشداربووانی کۆڕبەندەکە، بە وردی سەرنجیان خستبووە سەر پرسی هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی وڵاتانی بریکس، لەسەر بنەمای فرە جەمسەریی لە چوارچێوەی گێژاوی جیۆپۆلەتیکی هەنووکەیی. لەمبارەوە ڤیکتۆریا پانۆڤا بەرپرسی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی بریکس بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: "بریکس لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش و یەکسانی تەواو کار دەکات، بەهیچ جۆرێک هێڵی سوور لە نێوان ئەنداماندا نابەزێنرێت، بنەمای سەرەکی بریتییە لە کارکردنی هاوبەش بۆ چارەی ڕیشەیی پرسە گشتییەکان، کارکردن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا، پاراستنی سەروەریی وڵاتان، هاوکات هەمەڕەنگی و هەمەچەشنی باڵادەستە و کەس کار بۆ هاوچەشنکردنی هەموولایەک ناکات، چونکە ئەندامان خاوەن زمان و فەرهەنگ و بەرژەوەندیی و ئاین و نەتەوەی جیاجیان، بەو فرە ڕەنگییەوە کار دەکرێت بۆ ئەوەی جیهانێکی دادپەروەرانە تر بەدی بێت"
بەشداربووان و ئامادەبووانی کۆڕبەندەکە بڕوایان وایە فراوانبوونی ڕێکخراوی بریکس لە مانگی یەکی 2024 دا دەریخستووە کە ژمارەی کارەکتەرانی گۆرەپانی سیاسیی جیهان بەردەوام زیاد دەکات و ئەوانیش کار بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی پاوانخوازیی و قۆرخکاری چەند وڵاتێک زلهێز دەکەن.