دیندار زێباری: حکوومەتی هەرێم پلانێکی گشتگیری ڕاگەیاندووە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان

K24 - هەولێر:
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ شاندێکی حکوومەتی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی بەرفراوانی هەیە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی.
د.دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازیی کرد لە د. هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پلاندانانی سیاسی و د. زێدان خەلەف ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بو مافی مرۆڤ.
لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیاندا، دیندار زێباری، ڕیکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، حکوومەتی هەرێم بەشدارییەکی بەرفراوانی هەیە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی لێژنەی نیشتمانی نووسینی ڕاپۆرتی ئەو رێککەوتننامانەی کە عێراق پەسەندی کردوون و وەڵامدانەوەی ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی تایبەتن بە رێککەوتننامەکان، ئەم بەشدارییە گرنگە و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، راپۆرت و زانیارییەکانی هەردوو لا تەواوکەری یەکترین، چونکە هەر ئەرکێک لەسەر حکوومەتی فیدراڵی بێت دەکەوێتە سەر حکوومەتی هەرێمیش، هەروەها لە دۆسیەی یونیتاد هەماهەنگیمان هەبووە و بەردەوامیشە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی رایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، حکوومەتی هەرێم پلانێکی گشتگیری ڕاگەیاندووە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕووی حوکمڕانیی باش، ئەویش پەسەندکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمە بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە پرۆسەی جێبەجێکردندایە.
لەلایەن خۆیەوە د. هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بو پلاندانانی سیاسی گوتی: دۆسیەی مافی مرۆڤ بە سەرکەوتووترین دۆسیەی هاوبەشی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم هەژمار دەکرێت.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا ئاستی هەماهەنگی هەنگاوی باشی بڕیوە و داتا و زانیاری و تێبینییەکان و بەشداری نوێنەرانی حکوومەتی هەرێم لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق بەشدارییەکی کارا و سەرکەوتوو بووە و تەواوکەری ڕاپۆرتەکانی کۆماری عێراق بووە لە زۆر ڕووەوە.
هاوکات گوتیشی: لە بابەتی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، گرنگە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی ساڵانە خۆیان ڕاپۆرت دەربکەن و تیشک بخەنە سەر ئاستی بەرەوپێشچوونی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.