سعوودیە داوایەک ئاراستەی حاجییان دەکات

K24 – هەولێر:
وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان لەکاتی گەشتیان بۆ سعوودیە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بڕە پارەیەکی زیاد لە پێویست لەگەڵ خۆیاندا نەهێنن.
ئەمڕۆ هەینی (24ـی ئایاری 2024) وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە، لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، هاووڵاتییان لەکاتی گەشتکردنیان بۆ سعوودیە بەمەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، نابێت پارەیەکی زیاد لە پێویست لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، بەڵکو پێویستە زیاتر پشت بە ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و پاردەدانی پێشوەختە ببەستن.
وەک لە راگەیەندراوکەدا هاتووە، وەزارەتەکە لە زنجیرەیەک پۆستدا لە هەژمارەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پاکێجێکی ئامۆژگاری پێشکەش بە حاجیان کردووە بۆ مەبەستی بەڕێوەبردنی تێچووی دارایی گەشتەکەیان و بۆ ئەوەی خۆیان لە کێشەکانی هەڵگرتنی پارەی زیاد لە پێویست بەدوور بگرن.
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پێش گەشتکردنیان بۆ سعوودیە، پێویستە کرێی خزمەتگوزارییەکانیان بدەن و بۆ ئەوەی خۆیان لە خەرجییە زیادەکان بەدوور بگرن
ئەم ئامۆژگاریانە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هۆشیاری و پەروەردەیی نێودەوڵەتیدا دێن کە بە 15 زمان، لە ڕێگەی میدیای دیجیتاڵی لە فڕۆکەخانەکانی 20 وڵاتی جیهان دەستیپێکردووە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ڕێوڕەسمەکانیان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و گونجاو ئەنجام بدەن.