هاووڵاتیان.. بابل پارێزگەیەکی پشتگوێ خراوە
پارێزگای بابل لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بە یەکێک لە خراپترین پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت. پارێزگاکە، ژێرخانی ئابووریی نییە و هاووڵاتییان بەدەست نەبوونی پرۆژەی ئاوەڕۆ، ڕێگاوبان و کەمی خوێندنگەوە گرفتارن.
لە سەرەتای ڤیدیۆکە پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 60 مەتریی لە گەڕەکی حللەی بابل دەردەکەوێت، کە دەبوو لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو تەواو کرابایە، بەڵام تا ئێستا تەواو نەکراوە و وەکو خۆی ماوەتەوە. لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا کەمترین پرۆژی خزمەتگوزاریی بۆ ئەم گەڕەکانە کراوە.
ئەبو محەممەد، هەموو تەمەنی خۆی لەم گەڕەکە بەسەر بردووە، بەڵام تا ئێستا گەڕەکەکەیان پرۆژەی ئاوەڕۆ و قیڕتاوکردنی پێ نەگەیشتووە. ئەو، گەندەڵی بەڕێوەبردنی ساڵانی ڕابردوو، بە هۆی دواکەوتنی پارێزگاکەیان لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە دادەنێت.
عەبادی ئەحمەد، هاووڵاتییەکی بابلە و دەڵێت، "دەمانەوێت بەس ڕێگاکانمان بۆ قیرتاو بکەن. گەڕەکەمان ناوی ئیبراهیمیەیە و گەڕەکێکی گرنگە دەبوو قیرتاویان بکردایە. کە وەرزی زستان دێت، ئەم ناوچەیە هەمووی دەبێت بە لافاو و ناتوانین لە ماڵەکانمان بیێنە دەرەوە و ئاو لە هەموو شوێنێک پەنگ دەخواتەوە."
هەرچەند بەڕێوەبەرایەتیی (ئیدارە)ـی نوێی پارێزگای بابل هەڵبژێردراوە و پارێزگارێکی نوێ دانراوە، بەڵام خەڵکی ئومێدیان بە پارێزگارەکە نییە بتوانێت هیچ لە دۆخی پارێزگاکەیان بگۆڕێت.
هاووڵاتیی محەممەد جابر ئاماژە بەوە دەدات، "لە ساڵی 2003ـەوە بارودۆخمان بەم شێوەیەیە و حیللە هیچ پێشکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە".
پشکی پارێزگای بابل لە بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بە 129 ملیار دینار دیاری کراوە، ئەمەش ناڕەزایەتیی نوێنەرانی پارێزگاکەی لێ کەوتووەتەوە و دەڵێن، ئەو بڕە پارەیە ناتوانێت سەرجەم پێداویستییەکانیان پڕ بکاتەوە.
عەلی تورکی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشکی پارێزگای بابل دەڵێت، "ئاستی خزمەتگوزاریی لە پارێزگای بابل زۆر خراپە. حکوومەتەکانی پێشوو هۆی سەرەکیی ئەم دواکەوتنەن. هۆیەکی دیکەش، کەمی بەشە بودجە بووە؛ بۆیە لە ڕابردوودا ئەقڵییەتێکی باش حوکمی ئەم شارەی نەکردووە".
بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا، ساڵانە نزیکەی 25 ملیۆن زیارەتکار لە پارێزگای بابلدا تێدەپەڕن، بەڵام لە دوای زیاتر لە 20 ساڵ، پارێزگای بابل ژێرخانی ئابووریی نییە و کێشەی پرۆژەی ڕێگاوبان، ئاوەڕۆ، کەمی قوتابخانە و نەخۆشخانەی هەیە.