سەرۆککۆماری عێراق بەرەو تاران بەڕێ کەوت
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا یەکێکە لە ئەندامانی شاندی سەرۆککۆمار

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەرە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای سیاسیی بە مەبەستی پرسە و سەرەخۆشی بەرەو تارانی پایتەختی ئێران بەڕێ کەوت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە پێک هاتووە لە فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر، هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، باڤڵ تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕەیان کلدانی سەرۆکی بزووتنەوەی بابلیون، هومام حەموودی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، ئەبوکەڕار فەریجی ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی پەیڕەوی نیشتمانی، ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، خالید شوانی وەزیری داد، نزار ئامێدی وەزیری ژینگە، مەحموود مەشهەدانی پەرلەمانتار، خالید عوبێدی پەرلەمانتار، سەلیم جبووری سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی سیاسیی و حکوومەتی.
سەرۆککۆمار و شاندە سیاسیی و حکوومەتیی و پەرلەمانییەکەی یاوەری، لە تاران بەشداریی لە پرسەی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران هاوەڵەکانی دەکەن کە ڕۆژی 19ی ئەم مانگەی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرکەیان لە سنووری پارێزگای تەورێز گیانیان سپارد.