ڕووسیا: وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە

ئارتور لوکمانۆڤ، سەرۆکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بۆ ئاسایشی زانیاری نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، ڕووسیا وەڵامی هەموو هێرشێکی ئەلیکترۆنی دەداتەوە کە بکرێتە سەر ڕووسیا.
لۆکمانۆڤ دەڵێت: "ئەمەریکا بە شێوەیەکی چالاک هەڵوێستە شەڕەنگێزەکانی خۆی لە بەرەی دیپلۆماسی، لە نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ڕێگەی خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە بەرەوپێش دەبات".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەمەریکا بە شێوەیەک هەوڵدەدات پاساو بۆ بەکارهێنانی هێز لە دژی وڵاتان، بەوەی وەڵامی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان دەداتەوە، بهێنێتەوە.
دەشڵێت: "واشنتۆن بە ئاسانی تۆمەتی درۆ لە هەر بوارێکدا بێت دەخاتە ڕوو، ئەم سیناریۆیانە جێگەی مەترسین". هەروەها ڕاشیگەیاند، "من پشتڕاستی دەکەمەوە کە ڕووسیا وەڵامی گونجاو دەداتەوە، بۆ هەر هێرشێکی ئەلکترۆنی کە ئەمەریکا دەیکاتە سەر ڕووسیا ".
ئاماژەی بەوەش کرد، ناتۆ تۆڕێکی تاقیگەی ئەلیکترۆنی بەدرێژایی سنوورەکانی ڕووسیا لە ئیستۆنیا، لاتڤیا، فینلاند، ڕۆمانیا و لە داهاتوودا لە جۆرجیا و مۆڵدۆڤاش پێک دەهێنێت.
ئاشکراشی کرد، واشنتۆن ماوەیەکی زۆرە کار دەکات بۆ پەرەپێدانی شێوازەکانی شەڕی تێکەڵاو دژی ڕووسیا، هەروەها ئۆکرانیای کردووەتە گۆڕەپانێکی سەرەکیی بۆ هاککەرەکانی کە ئۆپەراسیۆنی تێکدەرانەی ئەلیکترۆنی دژی ڕووسیا لەژێر چاودێریی ناتۆدا دەست پێ دەکەن.