زاخارۆڤا: کۆنفرانسی ئاشتی فێڵێکی دیکەی ئەمەریکایە

ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا
ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا

ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێ: کۆنفرانسی لووتکەی ئاشتیی ئۆکرانیا، فێڵێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە سویسرا بەڕێوە بچێت.

ماریا زاخارۆڤا لە کەناڵی تێلیگرام وەڵامی دیمیتری کولێبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیای داوەتەوە کە گوتوویەتی "ڕووسیا لە سەرکەوتنی کۆنفرانسی سویسرا دەترسێت" و نووسیویەتی "سەبارەت بە لووتکەی ئاشتیی لە سویسرا کە کولێبا ئاماژەی پێداوە، ئەمە فێڵێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە و هەمووان لەو فێڵە تێ دەگەن" دەشڵێت: "چۆن دەکرێت کۆنفرانسی ئاشتی لەلایەن ئەوانەوە ڕێک بخرێت کە چەک بە ئۆکرانیا دەدەن و ئاگری شەڕ خۆش دەکەن."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە زمانێکی توند هێرش دەکاتە سەر وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا  دەنووسێت: "کولیپا وەک چۆن هەناسە دەدات، ئاواش درۆ دەکات"، چونکە ڕووسیا لە نیسانی 2022 ـەوە هیچ کاتێک دانووستانی ڕەت نەکردۆتەوە، کاتێک کیێڤ لەسەر داواکاری بەریتانیا ئامادە نەبوو لە دانووستانەکاندا بەشدار بێت.

بڕیارە لە ڕۆژانی 15 و 16 مانگی حوزەیرانی داهاتوو سویسرا، بەبێ بانگهێشتکردنی ڕووسیا میوانداریی کۆنفرانسی ئاشتی لە ئۆکرانیا بکات، لەم بارەوە ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، مۆسکۆ ئامادە نییە بەشداریی لەو کۆنفرانسەی سویسرا بگات ئەگەر بانگهێشتیش بکرێت.

هەروەها ڕایگەیاندووە، بەبیرتان دەهێنمەوە جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسیەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە دوا لێدوانیدا ڕایگەیاندووە، ڕاگرتنی پرۆسەی پڕ چەک کردنی کیێڤ لە ماوەی دوو هەفتەدا دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە شەڕ و خوێنڕشتن.

Fly Erbil Advertisment