ئەمەریکا.. گەنجێکی کوردی نابیست بەشداریی فیلمێک ده‌كات

گەنجێکی کوردی دانیشتووی ئەمەریکا، سەرەڕای ئەوەی توانای بیستن و قسەکردنی نییە؛ بەڵام چووەتە قوتابخانە، زمانی ئاماژە فێر بووه‌ و وەک ئەکتەر بەشداری لە فیلمێکیدا کردووە.

هەواڵ لەگەڵ جۆناتانی هاوڕێی کە هەردووکیان توانای بیستن و قسەکردنیان نییە، بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی دەکەن. گفتوگۆیان گەرمە، بەڵام تەنیا خۆیان و ئەو کەسانەی لە زمانی ئاماژە تێ دەگەن، دەزانن باسی چی دەکەن.

هەواڵ عەبدوڵڵا، گەنجێکی کوردی تەمەن 26 ساڵانی لە دایک بووی شاری کۆیەی هەرێمی کوردستانە. لە ساڵی 2016 لەلایەن خێزانێکی ئەمەریکی بۆ مەبەستی چارەسەر هێنرایە ئەمەریکا.

هەواڵ بە زمانی ئاماژە، قسەی بۆ کوردستان24 کرد و گوتی: "سەرەتا کە هاتمە ئەمەریکا ئینگلیزیم نەدەزانی و لەهیچ تێ نەدەگەیشتم و نەمدەتوانی بنووسم، تەنانەت نەم دەزانی چی بە خوێ دەڵێن؛ بەڵام وردە وردە فێربووم، پەروەردەبووم و بیرکردنەوەم فراوان بوو".

هەر لە زگماگییەوە، هەواڵ توانای بیستن و قسەکردنی نییە، بەڵام ئەمە نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم ژیانیدا، بەڵکوو ڕۆژانە کار دەکات. لە زانکۆیەکی ئەمەریکا زمانی ئاماژە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی خوێندووە، هەواڵ وەک ئەکتەر بەشداری لە درامایەکی ئەمەریکیشدا کردووە کە بەم نزیکانە بڵاو دەبێتەوە، ئامانجیشییەتی بە شێوازی ئاکادیمی بواری ئەکتەری بخوێنێت.

ئەو گەنجە کوردە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، "بەیانیان کاتژمێر 10:00 دەڕۆمە سەر کار و لە مارکێتێک کار دەکەم. لە کارەکەم زۆر سەرقاڵم، چونکە مارکێتەکە کڕیاری زۆری هەیە. ڕۆژانە بە مێترۆ هاتوچۆ دەکەم، کاتژمێر 04:00ـی ئێوارە تەوا دەبم، دەگەڕێمەوە ماڵەوە و پشوو دەدەم".

حکوومەتی ئەمەریکا گرنگییەکی زیاتر بەو کەسانە دەدات کە خاوەن پێداویستی تایبەتن و بە یاسا مافەکانیان پارێزراوە. لە دامودەزگا و شوێنە گشتییەکان وەرگێڕیان بۆ دابین دەکرێت و وەک هەر کەسێکی ئاسایی کاریان پێ دەدرێت.

کەسانی هاوشێوەی هەواڵ زۆرن. ئەوان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکتر دەناسن و پەیوەندیی بە یەکترەوە دەکەن. جاروباریش لە شوێنە گشتییەکان وەک تەواوی کەسانی نێو کۆمەڵگە بەیەکەوە کۆدەبنەوە.

Fly Erbil Advertisment