بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق: هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر سوودمەند دەبێت

عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق (وێنە: کوردستان24)
عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق (وێنە: کوردستان24)

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان زۆر سوود لە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەبینێت. دەشڵێت، قەتەر مەبەستییەتی لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان بدات.

ئەمڕۆ شەممە، 25-05-2024، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو، کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر و چەند پرسێکی دیکە؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو کە لەلایەن سۆڤان فەرمانەوە پێشکەش کرا.  

بە گوتەی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی و دەستووری بە باشی هاتووەتە نێو هاوکێشە سیاسییەکانەوە و توانیویەتی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو بەرەوپێش ببات".

عومەر بەرزنجی بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو، لە 2019 تاوەکوو 2022 باڵیۆزی عێراق بوو لە قەتەر. وەکو خۆی دەڵێت، لەو ماوەیەی لە دەوحە بووە، پەیوەندییەکانی قەتەر لەگەڵ عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش چوون و پەرەیان سەندووە.

وەکو ئەوەی عومەر بەرزنجی باسی کرد، ئەو کاتەی باڵیۆزی عێراق بووە لە قەتەر، چەند جارێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەردانی دەوحەیان کردووە و لە ئاستێکی باڵا هاوشێوەی سەرۆکی وڵاتان پێشوازییان لێ کراوە.

قەتەر و هەرێمی کوردستان، وەکو ئەوەی بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی پێ دا، "دەتوانن باشترین پەیوەندیی دروست بکەن و ئەو پەیوەندییانە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدان".

بڕیارە سبەی یەکشەممە، 26-05-2024، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر بە شێوەیەکی فەرمی لە هەولێر بکرێتەوە. بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "هەرێمی کوردستان زۆر سوود لە کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەبینێت. کردنەوەی کونسوڵخانەکە مایەی پیرۆزکردن و دڵخۆشییە".

 

Fly Erbil Advertisment