لە وەرزی هاویندا کارەبای نیشتمانی عێراق کەم دەبێتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق
وەزارەتی کارەبای عێراق

لەعێراق ماوەی چەندین ساڵە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە و ئەوەش ناڕەزایی بەردەوامی عێراقییەکانی بەدوای خۆییدا هێناوە، شارەزایەکی بواری وزەش دەڵێت، عێراق بە ڕێژەی لە 35 %کورتهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا تۆمارکردووە و مەودایەکی زۆر لە نێوان خواستی هاووڵاتیان و بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە.

هێشتا تینی گەرمای هاوین دەستی پێنەکردووە، وەزارەتی کارەبای عێراق کەوتووەتە پەلەقاژەی چۆنییەتی دابین کردنی چەند کاتژمێرێکی کارەبا بۆ عێراقییەکا.

هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، سیناریۆی بەڵێنە گەورەکانی حکوومەت و بەرپرسانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا دووبارە دەبنەوە، هاووڵاتییانیش دەڵێن، "گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە کار و پڕۆژەی بێسوود وایکردووە، دوو دەیەیە عێراقییەکان تەنها بە خەون باشبوونی کەرتی کارەبای وڵاتەکەیان ببینن".

لە دوایین هەنگاویشدا، وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و یاریدەدەرانی لق و بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبای بەغدا کۆبووەتەوە و گفتوگۆ کراوە دەربارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پێویستی هاووڵاتییان بە وزەی کارەبای زیاتر، بڕیاردرا بە پێکهێنانی شانەیەکی قەیران، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی کارەبا، تا کۆتاییهاتنی وەرزی گەرما.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بڕیاردراوە شانەی قەیران وەڵامی دەستوبردنی سکاڵا و داوای هاووڵاتییان بدەنەوە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پچڕان و لەکارکەوتنی فیدەرەکانی کارەبا.

سەرەڕای ئیمزاکردمئ چەندین گرێبەست لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری وزە، بەڵام هێشتا حکوومەتی عێراق نەیتوانییوە بڕی کارەبای پێویست بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات و بەشێکی زۆری پێداویستیی کارەبای خۆی لە دەرەوە هاوردە دەکات، شارەزایەکی بواری وزەش دەڵێت، عێراق بە رێژەی لە 35%کورتهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا تۆمارکردووە، بەجۆرێک مەودایەکی زۆر لە نێوان خواست و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتەکەدا هەیە.