محەممەد بن سەلمان سەردانی ئێران دەکات

محەممەد موخبیر سەرپەشتیاری سەرۆکایەتی کۆماری ئێران و محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە
محەممەد موخبیر سەرپەشتیاری سەرۆکایەتی کۆماری ئێران و محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە داوەتننامەی محەممەد موخبیر، سەرپەرشتیاری سەرۆکایەتیی کۆماری ئێرانی قەبووڵ کردووە و بڕیارە سەردانی تاران بکات.

ئیرنا ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، محەممەد موخبیر قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان کردووە و سوپای شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ پێشوازیی لە سەر زیارەتکارانی ئێران بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، هەروەها جەختی لەسەر دووپاتکردنەوەی داواکاریی سەرۆککۆماری کۆچکردووی وڵاتەکەی کردووە بۆ داوەتکردنی شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ سەردانی کردنی بۆ تاران.

لە پەیوەندییەکەدا، موخبیر گوتوویەتی: هەروەک چۆن سەرۆککۆماری کۆچکردوو داوای لە جەنابتان کردبوو سەردانی ئێران بکەن، منیش داوەتکردنەکە دووبارە دەکەمەوە بۆ ئەوەی شازادەی جێنشین سەردانی وڵاتی دراوسێ و هاوڕێی بکات.

ئیرنا ئاماژەی داوە، محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی عەرەبستانی سعوودیە لەگەڵ پەسەندکردنی داواکاریی سەردانی بۆ تاران، بە هەمانشێوەی داوای لە محەممەد موخبیر سەرپەرشتیاری کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە سەردانی ڕیاز بکات و ئەویش داواکارییەکەی قەبووڵ کردووە.

ڕۆژی 10ی ئاداری 2023، دوای چەند رۆژ دانوستاندن لە پەکینی پایتەختی چین، موساعد بن محەممەد ئەلعەبیان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سعوودیە و عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە نێوەندگیری شی جینپینگ سەرۆکی چین ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیازیان واژۆ کرد لە ماوەی دوو مانگ بەشێکی ڕێککەوتنەکانیان جێبەجێکرد، لەوانە کردنەوەی باڵیۆزخانە لە تاران و ڕیاز.

پەیوەندیی ئێران و سعوودیە لە 40 ساڵی ڕابردوودا ئاڵۆزی و ناکۆکۆی زۆری بەخۆیەوە بینی، دواجار لە سەرەتای 2016 و دوای هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسوڵخانەی گشتیان لە مەشهەد گرژی کەوتە پەیوەندییەکان و لە 3ی کانوونی دووەمی 2016 سعوودیە تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.