غازی لامی: گه‌نجانی عێراق بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی هیوا به‌دینه‌هاتووه‌كانیان، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كۆچ

شرۆڤه‌كارێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، گه‌نجانی عێراق وزه‌یه‌كی زۆریان تێدایه، به‌ڵام زه‌مینه و ژینگه‌یه‌كی له‌باریان بۆ نه‌ڕه‌خساوه، بۆیه بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی هیوا و خواسته به‌دینه‌هاتووه‌كانیان، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر كۆچ و مادده هۆشبه‌ره‌كان.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 25ـی ئایاری 2024) غازی لامی، شرۆڤه‌كاری سیاسی تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كانی عێراق كه یه‌ك له دوای یه‌ك ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن به خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان به‌تایبه‌تی گه‌نجان ڕێگه له كۆچ ده‌گرن، به‌ڵام تا دێ ڕێژه و ژماره‌ی كۆچی گه‌نجان زیاتر ده‌بێت.
غازی لامی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، عێراق سه‌رباری ئه‌وه‌ی وڵاتێكه زۆربه‌ی هاووڵاتییانی گه‌نجن، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت كێشه له سیسته‌می حوكمڕانیدا هه‌یه و گه‌نج ناچار ده‌بێت وڵاته‌كه‌ی به جێ بهێڵێت.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره سیاسییه گوتیشی، خه‌ڵكی عێراق توانای به‌رهه‌مهێنان و بونیاتنانی تێدایه، به‌ڵام نه‌بوونی خزمه‌تكردن و خزمه‌تگوزارییه‌كان وایكردووه هاووڵاتییان وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و ده‌ره‌وه به جێ بهێڵن.