مەحموود عگێلی: نێوماڵی سوننە پەرتەوازەیە

K24 – هەولێر:
ئەمینداری گشتی حزبی ئوممه، ڕایدەگەیەنێت؛ هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مەندەلاوی کۆتایی پێبێت. ناوبراو دەڵێت: دەستوەردانی دەرەکی لە دانانی سەرۆک پەرلەمانی عێراق هەیە.
مەحموود عگێلی، ئەمینداری گشتی حزبی ئوممه، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24دا گوتی: جێگەی داخە تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە سەرۆکی پەرلەمان دیاریی بکرێت، ئەمەش بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی سوننەیە.
ئاماژەی بەوەدا، ململانێی نێو ماڵی سوننە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەدای پەرلەمانی عێراق و پەکخستنی یاسا و ڕێساکان دەبێت، دەبوو پارتە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی لەبەردەم خەڵکی عێراق هەڵبگرن، پێشێلکارییەکی گەورەی دەستوورییە کە ماوەی نزیکەی هەشت مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆکە.
عگێلی راشیگەیاند، ئەم پشێوەیەی ئێستا هەیە بووەتە هۆی لاوازکردنی سوننەکانی عێراق، هەروەها پارتە سیاسییەکانی عێراقیش لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک پەرلەمان ناکۆکن و ئامادە نین سازش بۆ یەکتر بکەن.
ئەمینداری گشتی حزبی ئوممه، باسی لەوە کرد، پارتە سیاسییەکان پێویستە ڕوو لە چارەسەرکردنی کێشەکە بکەن و فشار لەنێو ماڵی سوننە بکەن بۆ ئەوەی بەربژێرێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، دەستوەردانی دەرەکی لە دانانی سەرۆک پەرلەمانی عێراق هەیە، هەروەها حزبەکانی تەقەدوم، سیادە و عەزم گەیشتوونەتە ڕێگەیەکی داخراو، هیچ ڕێککەوتنێک و لێکتێگەشتنێک لەنێوانیاندا نییە.
مەحموود عگێلی، گوتی: هەندێک لایەنی دیکەش هەن کە دەیانەوێت ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی مەندەلاوی کۆتایی پێبێت و نایانەوێت پرسەکە یەکلایی ببێتەوە.
هاوکات گوتیشی: هیوادارم سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر دەستوەردان لەو پرسە بکەن، بۆ ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمانی عێراق یەکلایی ببێتەوە، چونکە بەڕاستی ئەم دوو کەسایەتییە، میانڕەون و قبوڵکراون، کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی هەیە، هەمیشە چارەسەرییەکان لە هەولێرەوە بوونە.