دهۆك.. یادی شۆڕشی گوڵان کرایەوە

K24 – دهۆک:
لقی یەكی پارتی لە دھۆك چەند خێوەتێکی بەبۆنەی 48ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان ھەڵداوە، هاوکات ئەندامێکی لقی پارتی لە دهۆک ڕایگەیاند، بەم بۆنەیەوە چەندین چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە (25ـی ئایاری 2024) چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک، رایگەیاند: بەبۆنەی 48ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان، لقی یەکی پارتی چەند خێوەتێکی هەڵداوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، کە تیاییدا چەندین چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.
هاشم گابێرکی، رێکخەری چالاکییەکە بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی چالاکی خێوەتهەڵدانەوە گەنجانی ئەم سەردەمە ئاشنا بکەین کە ئەو دەستکەوتانەی گەلی کورد چۆن بەدەست هاتووە و لە شاخ چ خەباتێک کراوە تا ئەمڕۆی لێ بەرهەم هاتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەک خێوەت هەڵدراون، نزیکەی 100 مامۆستا و 400 قوتابی بانگهێشتکراون، مامۆستایەکان ئەرکیان فێرکردن و ئاشناکردنی قوتابییانە بەو تەکنەلۆجییانەی لە کاتی شۆڕشی گوڵاندا بەکار هاتوون. گوتیشی: لە ماوەی سێ رۆژدا چەندین چالاکی جیاواز بەڕێوە دەچێت.
شۆڕشی گوڵان (26ـی گوڵانی 1976) لهلایهن پارتی دیموكراتی كوردستانهوه به سهرپهرشتی سەرۆک بارزانی دژی حكومهتی بهعسی عێراق له باشووری كوردستان ههڵگیرسا و تا ڕاپهڕینی بههاری ساڵی 1991 بهردهوام بوو.
سەرۆک بارزانی لە پێشەکی بەرگی چوارەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) نووسیویەتی، هەرچەندە دەستپێکردنەوەی شۆڕش دوای نسکۆی ساڵی 1975 کارێکی ئاسان نەبوو، تەنانەت لای زۆر کەس پتر لە خەیاڵ دەچوو، بەڵام بە دەستپێکردن و هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێندرا کە بیروباوەڕ و ئیرادە لە سەرووی هەموو شتێکە و هیچ بەربەستێک توانای رووبەڕووبوونەوەی ئیرادە و بیروباوەڕی نییە.