بە هۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو نۆ سەرباز کوژران و بریندار بوون

بە هۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو نۆ سەرباز و چەکدارێکی حەشد کوژران و بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دیالە بەکوردستان 24ـی ڕاگەیاند، دوو تەقینەوە بە هێزەکانی حەشدی عەشایەری و سوپای عێراق لە باشووری خۆرئاوای پارێزگای دیالە، لە گوندی سلام داود لە شارەدێی خان بەنی سەعد تەقینەوە. چەکدارێکی حەشد کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون .
سەرچاوەکەی پۆلیس گوتیشی، "دوای ئەوەی بۆمبی یەکەم بەئۆتۆمبیلێکی حەشدی عەشایەری عێراقدا دەتەقێتەوە و چوار چەکدار بریندار دەبێت و چەکدارێك دەکوژرێت. دواتر هێزێکی سوپای عێراقی و حەشد بۆ پاڵپشتیی ئەو ئۆتۆمبێلە دەچن کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە، بۆمبێکی دیکە بەو هێزەشدا دەتەقێتەوە و بە هۆیەوە چوار سەر بازی سوپای عیراق بریندار دەبن".
هێزیەکی زۆری ئەمنیی لە ناوچەکەدا بڵاویان کردووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنییەتی ڕووداوەکە. سەرچاوەکەی پۆلیس گوتیشی، تەرمی کوژراوە و بریندارەکان گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دوو لە بریندارەکانیش بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە دەست بەجێ ڕەوانەی بەغدا کراون.