کۆڕنیشی زاخۆ، ڕووگەی گەشتیارانە

لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی کوڕنیشی زاخۆ بە گوژمەی 15 ملیار دینار، جێبەجێ کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی ئایاری 2024، ساڵح سەمەد، گەشتیار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ پڕۆژەیەکی زۆرجوانە و ڕێک و پێکە، سەرنجی ڕاکێشاوین بە سەدان کیلۆمەترمان بڕیوە بۆ ئەوەی بێینە ئێرە، جوانی ئەم پڕۆژەیە وایکردووە سوپاسی حکوومەت بکەین بۆ پڕۆژەکانی.

چینان ئەحمەد، گەشتیار دەڵێت، "هەرگیز پێشبینی ئەوەم نەکردووە، بەو شێوازە کۆڕنیشی زاخۆ بگۆڕێت و جوان بێت".

لای خۆیەوە شێروان حوسێن، گەشتیاریش ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژە گەشتیارییەی کۆڕنیشی زاخۆ، زۆر جوان و کەشوهەوای خۆشە، بەتایبەت ڕۆژانی هەینی گەشتیارێکی زۆری لێیە و قەرەباڵەغە.

دروستکردنی ئەو پڕۆژە و چەندان پڕۆژەی دیکە لە زاخۆ، گەشتوگوزاری ئەو دەڤەرەی بەرەو پێشتر بردووە، بەردەوام ڕێژەی گەشتیاریانی زۆرتر کردووە.

بێوار سندی، گوتبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاریی زاخۆ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بێگومان پاش دروستکرانی کۆڕنیشی بازاڕی زاخۆ و دەوروبەری پردی دەلالی زاخۆ، پێویستە ئێمە کەمپینێک بکەن و بانگەشە بۆ سەردانی بازاڕی زاخۆ بکەین، بۆ بوژاندنەوە و بینینی دیمەنە جوانەکەی، هەروەها بە ئاراستەی گەیاندنی پەرەپێدانی پڕۆژەی گەشتوگوزار و هاتنی گەشتیاری.

پرۆژەی کوڕنیشی زاخۆ بە گوژمەی 15 ملیار دینار لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراوە، ئەوەش دەبێتە ڕێژەی 6.5 گوژمەی ئەو پڕۆژەیەی زاخۆ کراوە.