ئەرکان بیبانی: ژمارەیەکی زۆری بازرگانانی ماددەی هۆشبەرمان دەستگیر کردووە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، شەو و ڕۆژمان خستووەتە سەر یەک بۆ ڕیشەکێشکردنی ماددەی هۆشبەر، هاوکات توانیوومانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەین.
ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، دەبێت ماددەی هۆشبەر ڕیشەکێش بکرێت و سەرچاوەکانی هێنانی وشک بکرێت، ئێمە شەو و ڕۆژمان خستووەتە سەر یەک هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە و توانیومانە بگەینە دەرئەنجامی زۆر باش.
ئاماژەی بەوەش کرد، "ستراتیجیەتێکمان داڕشتووە، بۆ ئەوەی نەهێڵین هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها ساڵی ڕابردوو توانیوومانە ڕێژەیەکی زۆر لەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەکەن دەستیگیر بکەین".
باسی لەوەش کرد، دادگاکانیش هەوڵیان داوە بەتوندترین شێوە سزای ئەو کەسانە بدەن کە کاری کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن، لەبەرئەوەی ئەوان سەرچاوەی هێنان و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەرن لە هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەگەر سەیر بکەین ئێستا سزای ئەو جۆرە کەسانە بە 15 ساڵ و هەتاهەتایی سزا دەدرێن.
ئەرکان بیبانی گوتیشی: "ئێستا لە پارێزگای هەولێر و دهۆک بەشێوەیەک بەرەنگاری ئەو تۆمەتبارانە بووینەوە، توانیومانە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەین. سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی دەشڵیت: لەو پارێزگایە کارکراوە بەڵام هێشتا پێویستیان بەهەوڵی زیاترە چونکە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران کە لەوێ ڕێژەیەکی زۆری ماددەی هۆشبەر بەربڵاوە، بۆیە ئەوەی دێتە هەرێمی کوردستان، لە ئێران و سووریاوە دێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر دەکەن، هەموویان خەڵکی هەرێمی کوردستان نین، بەشێکی زۆر لەوانەی بازرگانیی نێودەوڵەتیی دەکەن، ئەونانە لەدەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان دەژین بەڵام دەیانەوێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن.