سوودانی بۆ پلاسخارت: عێراق ئێستا تا ڕاده‌یه‌ك ئارام و سه‌قامگیره

K24 – هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆکاری داواكارییه‌كه‌ی بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی نوێنەرایەتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان لە عێراق بۆ جێنین پلاسخارت روون کردەوە.
محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق له دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ جێنین هێنس پلاسخارت، هۆکاری داواکاری حکومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە کارەکانی (یۆنامی) له عێراق له كۆتایی 2025 بۆ ئه‌وه گەڕاندەوە، كه عێراق ئێستا تا ڕاده‌یه‌ك ئارام و سه‌قامگیره.
هه‌ر ئه‌مڕۆش سوودانی له په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان تاوتوێی ئه‌و بابه‌ته‌ی كرد، بەر له چه‌ند ڕۆژێكیش مێدیا عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، بۆ له‌مه‌ودوا پلاسخارت ده‌بێته نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لوبنان.
وێڕای ئه‌و دواكارییهی عێراق، زۆرێك له چاودێران و سیاسه‌تمه‌داران بەهۆی ململانێ سیاسییه‌كان و بوونی چەندین گرووپی چەکداری خۆسه‌پێن، به‌چاوی گومانه‌وه له‌و بابه‌ته ده‌ڕوانن، زۆرێك له به‌رپرسانی مافی مرۆڤیش نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه هێشتا عێراق له ڕیزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دایه، كه گه‌نده‌ڵی ڕیشیهی له‌ناو ته‌واوی جومگه‌كانیدا داكوتیوه.