جاسم سوڵتان: سەرۆک بارزانی نوێنەرێکی راستگۆی خەونی کوردانە

جاسم سوڵتان، راوێژکاری دامەزراوە حکوومی و تایبەتەکان لە وڵاتی قەتەر
جاسم سوڵتان، راوێژکاری دامەزراوە حکوومی و تایبەتەکان لە وڵاتی قەتەر

K24 – هەولێر:

راوێژکاری دامەزراوە حکوومی و تایبەتەکان لە وڵاتی قەتەر، ئاماژە بەوە دەکات، بوونی سەرۆک بارزانی هەلێکی مێژووییە بۆ کورد، هاوکات دەڵێت: حکوومەتی عێراق خاوەن سەربەخۆیی تەواوی خۆی نییە و بوونی کورد لە بەغدا گرنگە و بابەتێكی بنەڕەتییە.

جاسم سوڵتان، راوێژکاری دامەزراوە حکوومی و تایبەتەکان لە وڵاتی قەتەر، لەمیانەی بەشداریی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی کوردستان24 کە دلۆڤان عیمادەدین، پێشکەشی دەکات، رایگەیاند: هەرێمی کوردستان وەکو ئەو دڵه‌ وایه‌ كه‌ هه‌موو هێزه‌ جیهانییه‌كان تێیدا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، لەڕووی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی زۆر گرنگ و هەستیار لە نێوان وڵاتە ناسەقامگیرەکان ببینێت کە ئەوانیش وڵاتانی دراوسێن و، هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوشێوەی ئەو سویسرایە بێت کە لە ئەورووپایە.

ئاماژەی بەوەدا، ئەو پلانانەی بانکی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستانی داڕشتوون نایابن و، بەدیجیتاڵکردنی حکومەت یەکێک لە داواکارییەکانی بانکی نێودەوڵەتی، هەروەها زۆربەی بودجەی هەرێم بۆ فەرمانبەرانی حکوومی دەڕوات و بەدیجیتاڵکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.

ئەو راوێژکارە دەڵێت: هەرێمی کوردستان هەموو فاکتەرە بەهێزەکانی هەن بۆ ئەوەی چیتر تەنها پشت بە نەوت نەبەستێت و، نەوت رۆڵێکی (لاوەکی) دەبینێت لە پارەدارکردنی پڕۆژەکان، هەروەها کشتوكاڵ داهاتووی هەرێمی کوردستان بونیاد دەنێت و تاکەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن ببنە خاوەنی باشترین توانا لە هەموو ناوچەکەدا.

لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، جاسم سوڵتان، گوتی: بەردەوام کێشەی سەرەکی هەولێر ئەوە بووە کە چی لە بەغداوە بەدەست دەگات، هەروەها چاوەڕێی هاتنی داهات لە بەغداوە وایکردووە هەرێم نەتوانێت پلانی تایبەتی خۆی هەبێت.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هەولێر بشگاتە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، مەرج نییە بەغدا بەڵێنەکانی جێبەجێبکات و، هۆکاری ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا ناسەقامگیری سیاسی نێو حکومەتی ناوەندییە.

ناوبراو لەبارەی سەرۆک بارزانییەوە دەڵێت: هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بە هەبوونی سەرکردەیەکی وەکوو سەرۆک بارزانی، جەنابی سەرۆک پێشکەوتنی سیاسیی لە ناوچەکەدا دەکات، هەروەها بەو بەهرانەی خوای گەورە پێی بەخشیوون بارزانی دەتوانێت رێگەخۆشکەر بێت بۆ دانانی سیستەمێکی سیاسی.

هاوکات دەشڵێت: سیستەمی سیاسی هەرێم دەکرێت وەکوو ئەو سیستەمە سیاسییە دیموکراسییە نەبێت کە لە وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە و لەسەر بنەمای رکابەریە، سیستەمی سیاسی هەرێم دەکرێت نزیک بێت لە سیستەمی سیاسی سەنگافورە.

ئەو راوێژکارە، جەختی لەوە کردەوە، هەموو لایەنەکان دەبێت خزمەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن، هاوکات گوتیشی: سەرۆک بارزانی خاوەن شارەزایی جۆراوجۆرە و  بە هەوراز و  نشێوی  خودی خەونی کوردیدا تێپەڕیوە و، سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی مێژوویی کاریزمییە کە خاوەن شارەزایی و متانەی نێودەوڵەتی و پەیوەندی ناوخۆییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، سەرۆک بارزانی نوێنەرێکی راستگۆی خەونی کوردانە، هەروەها هەبوونی جەنابیان هەلێکی مێژووییە بۆ کورد بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆ کوردستانی داهاتوو بکات.

جاسم سوڵتان، باسی لە حکوومەتی عێراق کرد و گوتی: حکوومەتی عێراق خاوەن سەربەخۆیی تەواوی خۆی نییە، هەروەها نابێت میلیشیا لە ناو دەوڵەتدا هەبن و چەکیان بەدەستەوە بێت، لە بنەمادا دەبێت چەک تەنها لای دەوڵەت بێت، بەڵام لە عێراق چەک بەسەر میلیشیا جۆراوجۆرەکاندا دابەشکراوە.

لەبارەی دەوڵەتی کوردییەوە، جاسم سوڵتان، ڕایگەیاند: وڵاتانی عەرەبی لاوازترن لەوەی بتوانن رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بکەن و، پێویستە وڵاتانی دەوروبەر وەکوو دەرفەت سەیری هەرێمی کوردستان بکەن نەک هەڕەشە، هەروەها عێراق ناوچەیەکی ناسەقامگیرە و پێویستی بە ناوچەیەکی ئارامی وەکوو هەرێمی کوردستان هەیە.