چین میوانداریی سەرکردە عەرەبەکان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، ژمارەیەک سەرکردەی عەرەب سەردانی چین دەکەن بۆ بەشداریی لە دەیەمین کۆنفرانسی وەزاریی کۆڕبەندی هاوکاریی چین و عەرەب.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە 28ـی ئایارەوە تا 1ـی حوزەیران، سەرکردەکان سەردانی دەوڵەتی بۆ چین دەکەن و بەشداریی لە مەراسیمی کردنەوەی دەیەمین کۆنفرانسی وەزاری کۆڕبەندی هاوکاری چین و عەرەبی دەکەن.
شاندەکە لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و حەمەد بن عیسا خەلیفە، شای بەحرەین و کایس سەعید سەرۆکی تونس و شێخ محەمەد بن زاید نەهیان، سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پێک دێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا دینگ لی، جێگری وەزیری دەرەوەی چین لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەکین، ڕایگەیاند، شی جین پینگ، سەرۆکی چین بەشداریی لە کۆڕبەندەکەدا دەکات و تێیدا وتارێک پێشکەش دەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، شی "گفتوگۆ لەگەڵ چوار سەرۆکی ئەو وڵاتانە دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی نیگەرانیی هاوبەش".
دینگ ئاشکراشی کرد، "ئامانجی کۆڕبەندەکە قووڵکردنەوەی کۆدەنگیی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی دەبێت، و لەلایەن دیپلۆماتکاری باڵا وانگ یی و هاوتا مۆریتانییەکەیەوە کە بە هاوبەشیی سەرۆکایەتی دەکرێت".
ئەوەشی خستە ڕوو، سەرکردەکان هەڵوێستی هاوبەشیان دەبێت لە نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین.
شی جین پینگ، سەرۆکی چین پێشتر داوای بەستنی "کۆنفرانسی ئاشتی نێودەوڵەتی" کردبوو، بە ئامانجی چارەکردنی کێشەکان.
لە مانگی نۆڤەمبەردا، پەکین میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین، ئەندەنوسیا، میسر، سعودیە و ئوردنی کرد بۆ دانوستانەکان بە ئامانجی "کەمکردنەوەی" ململانێی بەردەوامی ئیسرائیل و فەڵەستین.