جێگری پارێزگاری هەولێر: سیستەمێکی نوێی ئاگرکوژێنەوە بۆ بازاڕی قەیسەریی دادەنێین

باسی رۆژ، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر
باسی رۆژ، نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر

جێگری پارێزگاری هەولیر ئاماژە بەوە دەکات، سیستەمێکی نوێی ئاگر کوژێنەوە بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر دادەنێن.

رۆژی دوو شەممە (27ـی ئایاری 2024)، لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد قەیسەریی وەک قەڵا و منارە ناسنامەی شاری هەولێرە. مەسعود کاڕەش دەڵێت، نزیکەی

200 دوکان لە ئاگرەکەی قەیسەریی زیانی بەرکەوت، بەشێکی قەیسەریی کەلەپوورییە، بەر لە ئاگرکەوتنەوەکە بەنیازبوون نوێی بکەنەوە لەسەر شێوازیی کۆنی خۆی.

دەشڵێت، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر مەغزای خۆی هەیە و دڵنیایی دایە دووکاندارەکان، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران پرۆسەی خاوێنکردنەوەی بازاڕەکە لەماوەیەکی کورتدا تەواو بوو.

لەبارەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکەش کە شوێنێکی کەلەپوورییە و یۆنسکۆ سەرپەرشتی دەکات، جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەهاوکاریی مامۆستایانی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین و تیمێکی شوێنەوارناسانی ئەڵمانیا، کار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی دەکەن.

مەسعود کاڕەش گوتی، خاوێن کردنەوە تەواو بووە، هەنگاوی دووەم دەرخستەی بۆ دەکرێت، بەتایبەت بۆ ئەو شوێنانەی کە کەلەپوورین، لەگەڵ تیمێکی ئەڵمانیا و پسپۆرانی زانکۆی سەڵاحەددین کاری نۆژەنکردنەوەکە جێبەجێ دەکەین. دەشڵێت، دوکاندارەکان لە باجی 2023  و 2024 بەخشراون، پرسی کارەباشیان بۆ چارەسەر دەکرێت، پێی وایە گرنگیدانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکان خێراتر دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی قەیسەریی هەولێر.

جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ئەمبارێکی گەورەی ئاو بەتوانای 300 مەتر سێجا لە باخی شار دروست دەکەن و  بۆرییەک لە چواردەورری قەیسەری دایدەنێن، بە دوو ماتۆر ئاو بۆ نێو قەیسەریی ڕادەکێشن بۆ ئەوەی لە ئەگەری ئاگر کەوتنەوە کێشەی نەبوونی ئاو دروست نەبێت.

لەبارەی هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەش، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێرگوتی، هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە زیاتر شۆرتی کارەبا و کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە ڕێنمایی بەرگریی شارستانییە لای هاووڵاتیان.

دەشڵێت، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی قەیسەریی ئەوەیە، دووکانەکان لەنێو یەکن، لە توانای خۆیان زیاتر کەل و پەلی تێدایە کە خێرایی ئاگر زیاتر دەکات لەگەڵ پەردەکان کە ئاگر زووتر دەگرن.

پێی وایە، تێکەڵبوونی زۆری هێلەکانی کارەبا کە دووکان هەیە سێ هێلی کارەبا هەیە، جگەلە چەتاڵ کردن، کوالێتی کەرەسەتەکانی کارەبا کەزۆر باش نین، هۆکاری سەرەکی ئاگر کەوتنەوەن.

گوتیشی، ئەوانەی دووکانەکانی خۆیان نۆژەن دەکەنەوە پێویستە بێنە لای ئێمە بۆ ئەوەی ڕێنمایی پێ بدەین، چونکە پێویستە سیستەمێکی گشتیی ئاگادارکردنەوەی ئاگر هەبێت.

ئاگرەکەی بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگیی قەیسەریی هەولێر، شەوی 5 ی ئایاری 2024 ڕوویدا، هەرچەند 227 دووکان و 7 کۆگا بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان و 132 کەسیش برینداربوون، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەموو هەوڵێکی خۆیان دا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن و زیانەکان کەمتر بکەنەوە.

Fly Erbil Advertisment