پۆلەندا بە بەهای 677 ملیۆن یۆرۆ مووشەکی دوور مەودا دەکڕێت

پۆڵەندا ڕایگەیاند کە بەنیازە مووشەکی دوور مەودا لە ئەمەریکا بکڕێت بە بەهای 677 ملیۆن یۆرۆ، بۆ ئەوەی "توانای بەرگری خۆی بەهێز بکات".

بڕیارە ئەم ڕێککەوتنە ئەمڕۆ سێشەممە مۆر بکرێت، ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەی نوێکردنەوەی سوپای پۆڵەندا لە پاشخانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.

وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند، "جەنگی ئۆکرانیا گرنگیی هەبوونی توانای هەڵدانی مووشەک بۆ ئامانجەکان دەرخست تەنانەت ئەگەر لە هێڵی پێشەوە دووریش بێت، مەودای ئەو مووشەکانەی کە دەکڕدرێن نزیکەی هەزار کیلۆمەتر دەبێت".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە نێوان ساڵانی 2026 بۆ 2030 مووشەکی JASSM کە بە مووشەکی هاوبەشی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاسمانی و زەوی ناسراوە وەردەگرێت.

ئێستە جبەخانەی پۆڵەندا ئەم جۆرە مووشەکەی تێدایە کە مەودای تا 370 کیلۆمەتری هەیە و لەلایەن فڕۆکەکانی F-16 ەوە بەکاردەهێنرێت.

وارشۆ بودجەی بەرگریی خۆی بەرزکردەوە و گەیشتە نزیکەی %4ـی بەرهەمی ناوخۆیی کە بەرزترین ئامارە لەنێو وڵاتانی ناتۆدا.

هەروەها دەستیکرد بە زنجیرەیەک کڕینی کەرەستەی سەربازی بە بەهای ملیارەها دۆلار کە زۆربەیان لە ئەمەریکا و کۆریای باشوورەوەیە.