منداڵی بلووری لە نێوان شەریعەت و زانست تاوتوێ کرا

نەزۆکی و منداڵی بلووری و دیاریکردنی ڕەگەزی کۆرپەلە، ئەم پرسانە تەوەرەکانی پانێلێکی تایبەتی بوو بە ناونیشانی "چارەسەری تەندروستی لە نێوان شەریعەت و زانستی" پزیشکیدا .

مامۆستایانی ئایینی لە پانێلەکەدا باسی ئەوەدەکەن، بە تێگەیشتن لە زانستی پزیشکی ڕێگە دەدرێ بە چارەسەرییە پزیشکیەکان و ئەم پانێلەش بە تێگەشتنی زیاتر بۆ ئەم پرسانە ناو دەبەن .

کەوسەر ئەبوبەکر، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرەتای هاوسەرگیریم بوو حەزم دەکرد ببم بە دایک، هیچ چارەسەرکم نەبوو لە دوای حەوت ساڵ و نیو، چوومە یەکێک لەو سەنتەرە بلووریانە، سەیری پشکنینەکانیان کردم و گوتیان هیچ چارەسەرێکت نییە، تەنیا بلووری نەبێت.

ئەو هاووڵاتییە دەشڵێت، "یەکەم جار سەخت بوو و نەمدەزانی، بەڵام  شەرعیش ڕێگەی داوە و ئێستە بۆ جاری دووەم دەمەوێت بەو ڕێگە منداڵم ببێت".

پانێلێکی تایبەتە بۆ پرسێک لە نێوان شەریعەت و زانستی پزیشکی ، مامۆستایان ئاییینی لێرە کۆبوونەتەوە و پزیشکانیش  ڕوونکردنەوەی زانستی خۆیان دەخەنەڕوو.

لای خۆیانەوە مامۆستایەکی ئایینی ئەمجۆرە پانێلانە بە سوود دەزانێ بۆ کۆمەڵگا بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی.

عومەر چنگنیانی، مامۆستای ئایینی دەڵێت، " شەرع هیچ ڕێگرییەکی نییە بۆ چارەسەرییە پزیشکیەکان، مامۆستایان پێویستییان بەوە هەیە، لەڕێگەی کتێبەکانی خۆیانەوە کۆتایی بەو قۆناغە کۆنانە بێنن کە مەلا کۆنەکان لە ئاستی سۆشیال میدیا لێزمەکاندا قسە نەکەن، بەڵکو فەقێیانە بێنە گۆ و قسە بکەن".

کاریگەرییە دەروونی و کۆمەلایەتیەکانی نەزۆکیی، سنووردارکردنی وەچە و دیاریکردنی ڕەگەزی کۆرپەلە لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامەوە  و لە ڕوانگەی زانستی پزیشکی، گرینگترین ئەو پرسانەن کە زۆر جار دوودڵی خستووەتە ناو کۆمەڵگەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە چارەسەریانە.