سێ ئەندامی داعش لەسێدارە دران

ئەنجوومەنی دادوەری عێراق لە سێدارەدانی سێ چەکداری داعشی ڕاگەیاند و ئاماژەی داوە، هەموو بەڵگەیەکی پێویست بۆ جێبەجێکردنی سزاکە لەلایەنی دادگای تاوانەکانەوە خراوەتەڕوو.

ئەنجوومەنی دادوەری عێراق ڕایگەیاند، هەر سێ لە سێدارەدراوەکە دانیان بەوەدا نابوو کە ئەندامی ڕێکخراوی داعش بوون و لە چەندان کردەی تیرۆریستی دژ بە هێزە ئەمنییەکان بەشدار بوونە و دەستیان لە بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبێل و هەوڵی ڕفاندن و ئازادکردنی چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش هەبووە.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش داوە، دادگای تاوانەکان بەڵگەنامەی پێویستی خستووتەڕوو بۆ دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی هەرسێ ئەندامەکەی داعش.

لەم مانگەدا ئەمە دووەم جارە لەسێداردانی ئەندامانی رێکخراوی داعش لە عێراق جێبەجێ دەکرێت، شەشی ئەم مانگە لە گرتووخانەی حووتی ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار سزای لەسێدارەدانی 11 ئەندامی داعش جێبەجێ کرا.