فەهمی بورهان: وەزیری کشتوکاڵ بەڵێنی چارەکردنی كێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێداوین

شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەتی فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بۆ چارەکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک و سنووری ماددەی 140 لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزیری داد و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ڕاشکاوانە پێمانڕاگەیاندن کە بڕیاری باشتان هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا بەدی دەکرێت چارەکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان نین، بەڵکو ئاکار و ڕەفتاری دوور لە بڕیارەکانە هەر ئەمەش وایکردووە گرفت و کێشەکان بەردەوام بن و بنەبڕ نەکرێن.
فەهمی بورها گوتیشی: وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنیداوە هاوکار بێت و بەردەوام لە پەیوەندی بێ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان و کۆتاییهێنان بە کێشەی زەویی و زاری جوتیارانی کورد، بۆیە ئومێد دەکەین کۆبوونەوەکان بۆ چارەکردنی کێشەکان بەردەوام بێت، چونکە وەزیری کشتوکاڵی عێراق دڵنیابووەوە لەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕژدە لە چارەکردن و کۆتایی هێنان بە کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هەروەها ئاماژەیدا، جیا لە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، پرسی قەرەبۆکردنەوە عەرەبە هاوردەکان و گەڕەکی نەورۆزی کەرکووکیان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری دادی عێراق باسکردووە، بۆ ئەمەش وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەڵێنی هاوکاریداوە بۆ چارەکردنی تەواوی ئەو کێشانەی هەن.
لەلایەن خۆیەوە خالید شوانی وەزیری دادی عێراق هەر لەو کۆنگرە هاوبەشییەی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: بەشێکی زۆر ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی لە سنووری ئیداری پارێزگای کەرکووک کێشەیان لەسەر ئەو زەونیانە کە سەردەمی ڕژێمی بەعس بە بڕیارە سەرکردایەتی بەعس دەستیان بە سەرداگیراوە و مافی خاوەندارێتییان لە خاوەنە ڕەسەنەکانیان سەندراوە کە جوتیارانی کورد و تورکمانن و مافەکانی بە خەڵکانی نامۆ و هاوردەکراو دراوە، ئەمەش یەکێکە لەو کێشانەی بەردەوام و ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام وەک لە کارنامەی حکوومەتی عێراق پەسەندکراوە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسە، کە لەلایەن حکوومەتەوە پەسەندکراوە و ئێستا ماوەتەوە پەرلەمانی عێراق بیخاتە دەنگدان و کۆتایی پێبێنێت.
وەزیری دادی عێراق گوتیشی: بڕیاربوو هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بیخاتە دەنگدان بەڵام دواخرا، هەربۆیە لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆو هەوڵی بەردەوام دەبین بۆ ئەوە پرۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعش بە تەواوی هەڵوەشێندرێنەوە، چونکە ئەمە تاکە چارەی ڕیشەییە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان.