ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج بەفەرمی دانیان بەدەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا نا

ئەمڕۆ سێشەممە، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بە فەرمی بڕیاری وڵاتەکەی بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی ڕاگەیاند و بڕیارەکەش هاوشێوەی نەرویج و ئێرلەندا لە یەک کاتدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە مەدرید ڕایگەیاند، پەسەندکردنی ئەو بڕیارنامەیە هاوتەریبە لەگەڵ بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاراستەی هیچ لایەنێک نییە، ئاماژەی بەوەش کرد، دانپێدانانی وڵاتەکەی بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستینی هەنگاوێکی مێژووییە، کە ڕێگە بە فەڵەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دەدات دەستکەوتەکانیان بە ئاشتی بەدەست بهێنن.

گوتیشی: ئیسپانیا دان بە هیچ گۆڕانکارییەکدا نانێت بۆ سنوورەکانی ساڵی 1967، بەبێ ڕێککەوتنی ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان لەسەر ئەوبابەتە، جەختیشی لەوە کردەوە، تاکە ڕێگای ئاشتی بوونی دوو دەوڵەتە.

سانچێز باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کاردەکات بۆ ئەوەی کۆنفرانسی ئاشتی ئەنجامبدات.

 سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا داوای کرد ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە بکرێت و یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە دەست هاووڵاتیان، هەروەها ئەو بارمتانەی کە لەلایەن گرووپە فەڵەستینییەکانەوە دەستبەسەرن ئازاد بکرێن. دەشڵێت: لە ئێستادا کاری لە پێشینە کۆتاییهێنانە بە قەیرانە سەختەکەی غەززە و کردنەوەی دەروازەکان.

 لە وەڵامی لێدوانەکانی سانچێزدا، ییسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا "بەشدارە لە هاندانی کوشتنی گەلی جولەکە ".

 یۆلاندا دیاز، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ڕایگەیاند، ئەوەی ئێستا گرنگە ئاگربەستە لە غەززە و دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانەکانی جەنگ و کۆتاییهێنانە بە کۆمەڵکوژی.

 بە دانپێدانانی ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویج کە ئەمڕۆ هەر سێ وڵات دانیان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستین نا، ژمارەی ئەو وڵاتانەی دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە بووە 147 وڵات.

Fly Erbil Advertisment