دوو ملیۆن و 500 هەزار حەبی کپتاگۆن دەستیان بەسەردا گیرا
حسێن تەمیمی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە دوو ئۆپەراسیۆندا لە پارێزگاکانی نەجەف و ئەنبار دەستیان گرتووە بەسەر دوو ملیۆن و 500 هەزار دەنگە حەبی هۆشبەر لە جۆری کپتاگۆن.
لەلایەکی دیکەی میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، بە تاوانی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان سزای لە سێدارەدانیان بۆ 11 کەس دەرکراوە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێنج مانگی ڕابردوودا ئەو سزایەیان بۆ دەرکراوە گەیشتە 70 کەس .
هەروەها وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرای کردووە، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەست بە سەر 10 تۆن ماددەی هۆشبەر داگیراوە لەگەڵ دەستگیرکردنی شەش هەزار تۆمەتباری پەیوەندیدار بە کەیسی بازرگانیی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
عێراق بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ هەر یەک لە سووریا و ئێران، بووەتە ناوەندێکی بازرگانیی و ترانزێت بۆ گواستنەوە و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بۆ وڵاتانی دیکەی کەنداو، زۆرترین ماددەی هۆشبەری لە عێراق دەستی بەسەردا دەگیرێت لە جۆرەکانی کپتاگۆن، کریساڵە و قەبارەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکانیش بە چەندین ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.